ناوەندی ڕەهەند هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە هەوڵی داوە ئەزموونێکی نوێ لە کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و هاوکات کتێبفرۆشیدا پێشکەش بکات. ئەزموونێک کە هەموو دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و کتێبفرۆشییەکان بە هاوکاری خۆی بزانێت، نەک لە هەوڵی سڕینەوە و دژایەتیکردن و بچووککردنەوەی ئەوانی تردا بێت. هەموو دەزگاکانی چاپ و چاپەمەنییەکان بە تەواوکەری کاری خۆمان و پشتیوان و هاوکارمان دەزانین و لەسەر ئەم پرەنسیپەش بەردەوام دەبین. لە بواری چاپەمەنیدا هەوڵی چاپکردنی ئەو کتێبانە بدات کە پێویستی کتێبخانەی کوردین و بۆ خوێنەرانی کورد جێگەی بایەخن لەسەر ئەم کارانە بەردەوام دەبێت و لە ساڵی نوێدا چەند پرۆژەیەکی نوێوە لە خزمەتی خوێنەراندا دەبێت.ناوەندی ڕەهەند، ئەزموونێکی نوێ لە ساڵێ نوێدا پەیڕەو دەکات ئەویش لەگەڵ #کتێبخانەی_ڕۆمان، کە پێکەوە شوێنێکی نوێدەکەنەوە بۆ کاری نوێ و کۆکردنەوەی وزەی نوێ و کاری بەردەوام.. لەم قۆناغەدا دەمانەوێت گیانی هاوکاری و پێکەوەیی زیاتر لەنێوان هاوپیشە و هاوکارەکانمان زیاتر بکەین. پێشتر لەگەڵ هاوکارمان لەو کتێبخانەیە ئەزموونی کاری پێکەوەییمان هەبووە و لێکتێگەیشتنی تەواو لە کارەکانماندا هەبووە، ئێستا دەمانەوێ درێژە لەو گیانی هاوکاری و پێکەوەییە بدەین. بەڵام #ناوەندی_ڕۆشنبیریی_ڕەهەند وەکو بەشی چاپ و بڵاوکردنەوە بە سەربەخۆیی دەمێنێتەوە و هاوکارانمان لە #کتێبخانەی_ڕۆمان ئەوانیش هەمان سەربەخۆی کاریان هەیە، بەڵام دەبینە خاوەنی کتێبفرۆشییەکی گەورەی هاوبەش، کە شوێنی کۆکردنەوە زۆرترین سەرچاوەی بە زمانەکانی “کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی و فارسی” تێدا بێت. هەردوولا لە پڕۆژەی نوێ و هاوبەش ئەنجام دەدەن و کار بۆ ئەوە دەکەن کە ناوەرۆکێک بدەن بەو ناوە گەورەیەی بە شاری سلێمانی دراوە و پێی دەوترێت پایتەختی ڕۆشنبیریی، لەم پایتەختەوە کار بۆ هەموو کوردستان دەکەین و نووسەران و ڕۆشنبیران و خوێنەران لە هەر کوێ بن، خۆمان بە خزمەتکار و پاڵپشتیان دەزانین.لە ساڵی نوێوە لە شوێنە نوێیەکەمان لەگەڵ کتێبخانەی_ڕۆمان لە نهۆمی چوارەمی تەلاری سیروانی نوێ لە پیشوازیتاندا دەبین. بەهیواین لە ئاستی چاوەڕوانی ئێوەدا بین….