شاعیرێکی هاوچەرخی ڕەخنەگر بووە. شیعرەکانی ڕەنگدانەوەی ژیان و سەردەمی خۆی بوون، بە هەتیووی و هەژاری گەورە بووە و هەر بە هەژاریش ژیانی بەجیهێشتووە. خاوەن عیزەتێکی نەفسی بەرز بووە، هەرگیز سەری بۆ کەس شۆڕ نەکردووە. لە سەردەمێکدا ژیاوە کە دەسەڵاتی ئاغا و دەرەبەگ لە ترۆپکدا بووە، هەر بۆیە بەردەوام شیعرەکانی دژی ئەم دەسەڵاتە بووە و ڕەخنەگرتن بووە لە زوڵم و ستەم و نادادپەروەرییان.

دەنگی هەمیشە لەگەڵ دەنگی چینی جوتیار و زەحمەتکێشدا بووە و کاری وشیارکردنەوەی کۆمەڵگاکەی بووە. بە شیعرەکانی هانی داون کە داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن، کچان و کوڕان بە بێ جیاوازی هەوڵی خوێندەواری بدەن، چونکە تاکە چەکی سەرکەوتن و ئازادی؛ خوێندن و خوێندەوارییە.

هەر بۆیە بەشی زۆری شیعرەکانی بۆ ئەم بابەتە کۆمەڵایەتییە گرنگانە تەرخانکردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا شیعری دەربارەی کۆمەڵێ بابەتی هەمەجۆری تر هەیە، وەک: (نیستیمانی، ئەوینداری، ئایینی، چەرخی زەمانە..)، هەروەها کۆمەڵێک: (پێنجخشتەکی، تێهەڵکێش، نامە گۆڕیینەوە، دەمەتەقێ، داشۆرین..)ی زۆری هەیە، کە لەگەڵ شاعیرەکانی سەردەمی خۆیدا ئاڵوگۆڕیان پێ کردووە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا بڵاوییان کردووەتەوە، ئەمەیش بووە بە بەشێک لە شێوازی نووسینی ئەم شاعیرە هاوچەرخە.

با بنووسم شیعری کوردی، تاکوو خەڵکی تێ بگات

شیعری کورد شیرینترە، تا شەکر و هەنگوین و نەبات

—-

کوردە وەسفی کوردستانت خۆشترە تا سەد کیتاب

سیاچەمانە خۆشترە بۆ تۆ هەتا چەنگ و ڕوباب

—-

ڕۆڵەکەم خوێندن بخوێنە، مەکتەبە دەرمانی کورد

تێگەیشتن مەرهەمە، بۆ زامی بێ سامانی کورد

——

با هەموو جوتیار و پاڵە و ڕەنجدەرا

بە سیحری تێمەگەن عیلمی زەمانە

بخوێنن، چونکە خوێندن پشتیوانە

نەجاحی ئەجنەبی وا ئەچنە کەوکەب

بەهێزی خوێندنە، چاکی بزانە

—–

بخوێنن، هەوڵی زانین دەن، جەهالەت دوژمنی کوردە

کەسێ دانابێ هەرگیز دوژمنی خۆی وا بەخێو ناکات