ئەمڕۆ٦-٦-٢٠٢٠، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگادا پێشوازیکرد لە بەڕێزان (مام شەریف) وەک هێمایەکی شایستەی خۆپارێزیی و فۆتۆگرافەر (ناسیح عەلی خەیات) وێنەگری نیگارەگانی خۆپارێزیی و گروپی ژینگەپارێزیی کۆمپانیایی لاڤارج و خاوەنی کارگەی ئاسمان بۆ بەرهەمهێنانی ڕاخەری خوانی خێرا.لە دیدارێکدا پارێزگاری سلێمانی ڕێزو سوپاس و پێزانین و خەڵاتی پشتیوانیی پارێزگای سلێمانی پێشکەش بە بەڕێز مام شەریف کرد، کە جگە لەوەی لە تەمەنێکی شایستەدا بەردەوامە لە کارو کەسابەتێکی سادەو ساکار بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی و خێزانەکەی پشتی بەخۆی بەستووە، لە هەمان کاتدا بەهۆشیاریی و ئاگاییەکی تەواوەوە ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزیەکانی جێبەجێکردووەو کاڵاو بەرهەمی خۆماڵیی بەکاردەهێنێت.پارێزگاری سلێمانی وەک نوێنەرو هێمایەک بۆ تەواوی ئەو بەڕێزانەی بەردەوامن لە کارو کەسابەت و خۆپارێزیی و پشتبەخۆبەستن و پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵیی، سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەی کرد.دواتر ڕێزلێنانی کۆمپانیای لاڤارج بەخشرایە پارێزگاری سلێمانی لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو پاراستنی ژینگەو پەرەپێدان بە وزە نوێکان، پارێزگاری سلێمانی سوپاسی هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کەرتی تایبەتی نیشتیمانیی کرد کە لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و پەرەپێدانی پارێزگای سلێمانیدا پشتیوانی پارێزگای سلێمانی و فەرمانگەکانی سنوری پارێزگاکە بوون و سوپاسی کۆمپانیای لاڤارجی کرد کە لە چەند وێستگەیەکی چارەسەرکردنی پاشماوەی نەخۆشخانەکان و ژینگەپارێزیی و بەکارهێنانی وزە نوێکان و بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا هاوکاری حکومەتی خۆجێیی بوون لە ئەمڕۆوە هەڵمەتی دابینکردنی کەلوپەلی خۆپارێزیی مانگێک بۆ ژمارەیەک کاسبکاری سلێمانی دابین دەکەن.هەرلەم ڕێورەسمەدا پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لە بەڕێز خاوەنی کارگەی ڕاخەری خوانی خێرای ئاسمان و هاوڕێیانی کرد کە بە تەرخانکردنی (٥٠) کارتۆن ڕاخەر، پشتیوانی هەوڵەکانی خۆپارێزییان لە بەڕێز مام شەریف کرد.پارێزگاری سلێمانی سوپاس و پێزانینی پارێزگای سلێمانی پێشکەش کردن و هیوای خواست بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزیی و ڕێنماییە تەندروستیەکان بەهەموو لامان ئەم دۆخە مەترسیدارە تێ بپەڕێنینن و جەختی کردەوە، کە تەنها خۆپاراستن چارەسەرە.