بۆ ژەنیارانی شاری سلێمانی

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ژەنیاریی “ئاویەر”

شاری سنە کە لەلایەن ڕێکخراوەی یوونێسکۆوە وەک شاری داهێنەری مۆسیقا ناسێندراوە، بە هەوڵ و یارمەتی هەندێک لە هونەرمەندان و مۆسیقارانی ئەم شارە، دەیهەوێت بە شێوەی وەرزی فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی ژەنیاری بەڕێوەبەرێت. شایانی ئاماژەیە ئەم فێستیڤاڵە هەر وەرزێکی ساڵی بۆ ئامێرێکی تایبەتی ژەنیاری تەرخان کردوە. لەم فێستیڤاڵەدا ژەنیارانی سەرانسەری جیهان بۆیان هەیە لە وەرزی تایبەتی ئامێری ژەنیاریاندا بەشداری بکەن. یەکەمین وەرزی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵیش بۆ ئامێری نەرمە نای (دوودووک، باڵابان و…) تەرخان کراوە و لەباونگەوازەکەیدا داوا لە ژەنیارانی سەرانسەری جیهان دەکرێت بەشداری لەم ڕووداوە فەرهەنگییە بکەن.

مەبەست لە بەڕێوەبردنی وەها فێستیڤاڵێک گۆڕینەوەی ئەزموون و ئاشنایی هونەرمەندگەلی جیهانی لەگەڵ یەکە و هەوڵێکە بۆ ناساندنی ژەنیارانی کورد لە ئاستی جیهانیدا. ئامانجی ئەم فێستیڤاڵە لایەنگری لە پێوەندییە کلتوورییەکانی سەرانسەری جیهانە و دەروازەیەکە بۆ دەستەبەرکردنی وتووێژی فەرهەنگی. شارەوانی شاری سنە بە هاوکاری ئەنجوومەنی مۆسیقای کوردستان، زانکۆی کوردستان، ڕێکخراوەی پەروەردەیی تۆوسەعەی دانش و هەروەها دایرەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادیی پارێزگای کوردستان ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوە دەبات.
بۆ بەشداری لە یەکەمین خولی فێستیڤاڵی “ئاویەر” کە تایبەت بە ئامێری (نەرمە نای)دەرفەت هەیە، بۆ بەشداربوون نموونەی ژەنیاری خۆتان لەگەڵ فۆڕمی داخوازی، بۆ ئیمەیلی نووسینگەی شاری داهێنەری سنە کە لەسەر پۆستەر و هەروەها فۆڕمی فێستیڤاڵ هاتووە بەڕێ بکەن.

شایانی ئاماژەیە ئەم خولە بەهۆی پەتای کۆڕۆنا بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت. بۆ زانیاری و بەشداریکردن سەردانی ماڵپەڕی شاری داهێنەری سنە بکەن:

https://sanandajcreativecity.ir/en/festival-of-awyar/