بە سەرپەرشتیی و پشتیوانیی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی،بەرنامەکانی ڕۆژی جیهانیی وەرگێڕان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ٣٠-٩-٢٠٢١، بە سەرپەرشتیی و پشتیوانیی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بەرنامەکانی ڕۆژی جیهانیی وەرگێڕان لە شاری سلێمانی، وەک شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ لە تەلاری هونەر دەستی پێکرد.لەم بەرنامانەدا بە بەشداریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی/ بەشی پایتەختی ڕۆشنبیری و بریتیش کانسڵ و گروپی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکیی لە عیراق/ سلێمانی، لەژێر دروشمی (وەرگێڕان، ژوانی هۆشمەندیی نێوان نەتەوەکان)، کارەکانی دەستپێکرد، دیوانی هاوبەشی نێوان مانچستەری بەریتانیاو سلێمانی کە تیایدا تێکستی بژاردەی (٣٠)سی شاعیری دێرین و هاوچەرخ و نوێی ئینگلیز و کورد لەیەک کاتدا لە شاری مانچستەری بەریتانیاو شاری سلێمانی لەسەر داخوازی سەرۆکایەتی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ بەڕێوەچوو.کاری هاوبەشی نێوان ژوری ئەدەبی یونسکۆ لە پارێزگای سلێمانی و گروپی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی، کە بژاردەیەکی چەند دەقێکی حەزرەتی (نالی)یە بە زمانی کوردی و ئینگلیزیی بڵاوکرایەوە، خەڵاتی ڕێزلێنانی پارێزگاری سلێمانی بەخشرایە سێ وەرگێڕی کورد لە هەموو وەرگێڕان و دیوان و کارە هاوبەش و خەڵاتەکاندا هاوسەنگیی جێندەریی و بەشداریی کارای ژنان بە شانازییەوە ڕەچاوکرابوو.لە وتەیەکدا پارێزگاری سلێمانی بەرنامەو پلانی پارێزگای سلێمانی بۆ بواری وەرگێڕان و بایەخی ئەم بوارەو ئەوکارانەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە بواری وەرگێڕاندا لەسەر ئەرکی پارێزگاری سلێمانی کراوە خستەڕوو.