ڕۆژی ٢٧-٥-٢٠٢٣، لە ھۆڵی سینەما سالم لە سلێمانی، بە ئامادەبوونی د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر پاریزگاری سلێمانی و د. موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی و ھونەری سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و هونەرمەندان، مەراسیمی خولی پێنجەمی خەڵاتی کارۆ- ٢٠٢٣ خولی مامۆستا سەلام مەنمی بۆ چیرۆک، بۆ بەڕێز مامۆستا حسێن عارف بەڕێوەچوو.

پارێزگاری سلێمانی لە وتەیەکدا پیرۆزبایی پارێزگای سلێمانی پێشکەش بە مامۆستای بەڕێز حسێن عارف کردو، سوپاس و پێزانینی پێشکەش بە بەڕێزان کاک عەتا مەحمود و هاوژین مەحمود خاوەنانی پڕۆژەکەو چاپخانەی کارۆ کردو، پشتیوانیی بەردەوامی خۆی بۆ کایە کولتوریی و ڕۆشنبیرییەکان دووپاتکردەوە.

لە مەراسیمەکەدا، د. موحسین ئەدیب بە نوێنەرایەتی بەڕێز وەزیری رۆشنبیریی و لاوان لەوتەیەکدا وێڕای دەستخۆشی لە چاپخانەی کارۆ بۆ رێکخستنی مەراسیمەکە، رۆڵ و پێگە و قەڵەمەکەی مامۆستا حسێن عارف- ی بەرز نرخاند کە زیاتر لە نیو سەدەیە خزمەت بە بواری رووناکبیریی و فەرھەنگی و کلتوری دەکات و یەکێکە لە رەمزە گەورەکانی بواری ئەدەبی کوردی.ھەر لە مەراسیمەکەدا وتاری ھەریەک لە د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و عەتا مەحمود سەرپەرشتیاری خەڵاتی کارۆ و وتاری دەزگای سەردەم لە لایەن ئازاد بەرزنجی یەوە خوێندرانەوە.پاشان دەقێکی شیعری بەناوی ( داری بەرداری چیرۆک) لەلایەن شاعیر دلاوەر قەرەداغی یەوە خوێندرایەوە و نمایشی فیچەرێک بەناونیشانی «حسێن عارف نووسەرێکی نوێخواز» بێشکەشکرا و لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا وتاری لیژنەی خەڵاتەکە، لەلایەن کەژاڵ ئەحمەدەوە خوێندرایەوە و خەڵاتی کارۆ لە لایەن مامۆستا ڕەوف بێگەرد ەوە پێشکەش بە مامۆستا حسێن عارف کرا.

فۆتۆ؛ عەدنان رۆژبەیانی