Search
Close this search box.

ئەمڕۆ ٢٣\١١\٢٠٢٥ لە گوندی قەرەگۆل و بەرامبەر هەوارگەی خاکوخۆڵ، بە ئامادەبوونی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ڕێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی و دیداری شاعیر و نوسەری مەزنی کورد حەزرەتی نالی ئەنجامدرا، کە لەلایەن بەڕێز دیاری حاجی جەزای میکایەڵی جافەوە، بە پشتیوانی ژمارەیەکی زۆر لە توێژەران و نوسەران ڕێکخرابوو.
لە دیدارەکەدا، پەردە لەسەر وێنەی نالی لادرا و چەند وتارێک پێشکەشکرا و پانێڵێک لەبارەی ڕەهەندە جیاجیاکانی نالیەوە بەبەشداری بەڕێزان د. موحسین ئەدیب و د. خەسرەو جاف و مامۆستا جاسم کەلاری و د. محەمەدی عەبدولی بەڕێوەچوو.
پاشان لە سروشتی کراوەی گوندەکەدا پێشانگای هونەری وێنەکانی حەزرەتی نالی کرایەوە و چەند پارچە مۆسیقا و گۆرانیەک کە لە شیعرەکانی نالیەوە بەرهەمهێنرابوون پێشکەشکران، سەرباری خوێندنەوەی هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی نالی و چەند پارچە پەخشانێک.
لە دیدارەکەدا نزیکەی ١٠٠٠ ژن و پیاو و گەنج و مناڵ و بەرپرسی حکومی و نووسەر و زانای ئاینیی و ئەکادیمیست و عەشیرەتی خانەخوێ و میوانانی کوردی خۆرهەڵات و تاراوگە، بە ئاڵوواڵای قەشەنگی پۆشاکی کوردییەوە، میوانداریی کران.