ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی نووسەری بەڕێز (بەختیار عەلی) و هەموو نووسەران و ئەدیبانی سلێمانی و کوردستان دەکات، بەبۆنەی دیاریکردنی ڕۆمانی (دواهەمین هەناری دونیا) لە لیستی باشترین سەد کتێبی سەدەی بیست و یەکدا
ڕێکەوتی ٢٤-١١-٢٠٢٤ ڕۆژنامەی نیو زیورخیشەر تزایتونگ، بە بۆنەی نزیکبوونەوەمان لە تێپەڕاندنی چارەکە سەدەیەک لە سەدەی بیست و یەک، لیستی باشترین 100 سەد کتێبی سەدەی 21 ی لە بوارەکانی ئەدەبیات و مەعریفەدا بڵاوکردەوە، کە چەندین لیژنەی پسپۆڕ و ڕەخنەگری ناسراو دوای ماوەیەکی درێژی کارکردن ئەم لیستەیان ئامادەکردوە. جێگای شانازییەکی گەورەی ئێمەیە، بڵێین «دواهەمین هەناری دونیا» لە ناو سەدان هەزار کتێب و دەیان هەزار نوسەری دونیادا، شوێنی خۆی لە ناو سەد باشترین کتێبی سەدەی بیست و یەکی دونیادا کردۆتەوە. زۆربەی کتێب و نوسەرەکانی دیکەی ئەم لیستە، هەڵگرانی نۆبڵ و پسپۆڕانی باڵای بوارە فیکرییەکان و ناوە هەرە گەورەکانی جیهانی مەعریفەی ئەمڕۆن، بوونی دواهەمین هەناری ئێمەی کورد لەم لیستەدا شانازییەکی مێژوویی بێوێنەیە بۆ ئێستای ئێمە و بۆ مێژووی ئەدەبەکەمان. سەرەنجی خوێنەری ئازیز ڕادەکێشین، ئەمە هەڵبژاردنە بۆ سەد باشترین کتێب، نەوەک سەد باشترین ڕۆمان، واتە کێبڕکێکە دەیان جار فراوانتر و سەختترە لەوەی تەنیا کێبڕکێی ڕۆمانەکان بێت لەگەڵ یەکدا، بەڵکو پابەندی سەرجەم چالاکییە مەعریفی و فیکرییەکانی مرۆڤە.
ئەم لیستەی “نیو زیورخیشەر تزایتونگ” لە دەڤەری زمانی ئەڵمانی و لە ئەوروپادا بە گشتی، وەک لیستی تەریبی نیۆرک تایمزی ئەمریکی سەیردەکرێت و هەردووکیان بایەخێکی جیهانیان هەیە. نیو زیورخیشەر تزایتونگ، گەورەترین ڕۆژنامەی سویسرایە و هاوشان لەگەڵ فرانکفۆرتە ئەڵگەماینەدا بە دوو گەورەترین و گرنگترین ڕۆژنامەی ڕۆژانەی ئەڵمانی زمان حیسابدەکرێن. نیو زیورخیشەر تزایتونگ هەر کۆنترین ڕۆژنامەی سویسرا نییە، بەڵکو یەکێکە لە کۆنترین ڕۆژنامەکانی دونیاش، لە ساڵی 1780 وە «واتە 244 ساڵە» تا ئێستا بەردەوام دەردەچێت، لە ماوەی چوار سەدەدا، لاپەڕە ئەدەبییەکانی شوێنی گەشە و گەورەبوونی ناوە ئەدەبییە هەرە گەورەکانی ئەوروپابوون.
لێرەدا بەم بۆنە زۆر تایبەتەوە، پیرۆزبایی لە خۆمان و لە عاشقانی ڕاستگۆی ئەدەبیاتی میللەتەکەمان دەکەین.
دواهەمین هەناری دونیا تا ئێستا خراوەتە سەر زمانەکانی «ئەڵمانی، فارسی، عەرەبی، تورکی، ئیتالی، فەرەنسی، ئینگلیزی»، ئەمە جگە لە نوێ نوسینەوە کوردییەکانی بۆ «کرمانجی و بادینی».
دیارە لیستەکە لە فایلێکی تایبەتدا «50 لاپەڕەی گەورە» لە ژمارەی ئەمڕۆدا بڵاوکراوەتەوە، لێرەدا لە بەر مافی خاوەندارێتی کە پارێزراوە بۆ ڕۆژنامەکە، ناتوانین پدف ی تەواوی فایلەکە بڵاوبکەینەوە. بەڵام وێنەی لاپەڕەی یەکەم، وێنەی لیستی سەد کتێبەکە، وێنەی وتاری خاتوو «مارتینا لۆیبلی» «ئەندام لە لیژنەی هەڵبژاردن و بڕیاردان»، دەربارەی دواهەمین هەنار بڵاودەکەینەوە.