ڕۆژانی ١٩ تا ٢١ /١١ /٢٠٢٤، ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ، لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمیی نوێنەری هەرێمایەتی یونسکۆ لە مەغریب بەڕێز (ئێریک فاڵت)، لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداریکرد لە دیداری هەرێمایەتی شارە داهێنەرەکانی باکوری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتانی عەرەبیدا لە شاری تەطوانی وڵاتی مەغریب بەبەشداریی ٢١ شاری داهێنەری ڕشتەی جیاواز.
دیدارەکە بە هاوبەشیی وەزارەتی لاوان و کولتور و پەیوەندیگرتنی شانشینی مەغریب و، ئاژانسی برەودان و ئابووریی و پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی پارێزگا و هەرێمەکانی باکووری مەغریب (APDN) و، یەکێتی ڕێکخراوە پەروەردەیی و کولتوری و زانستیەکانی وڵاتانی عەرەبی (ALESCO) ڕێکخرابوو.
لە سێ ڕۆژی دیدارەکەدا، تاوتوێی بەهەندگرتنی کولتور و هونەر و ئەدەب وەک ئامانجێکی سەربەخۆی پەرەپێدانی بەردەوام لە ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کرا، سەرباری خستنەکاری هێزی بەرهەمهێنەریی کولتور لە باشترکردنی ژیانی شارنشین و لاوان و ئابووری شارەکاندا.
چۆنیەتی چالاککردنی پلاتفۆرمی یونکسۆ و فراوانکردنی تۆڕی شارە داهێنەرەکان (UCCN) ی باکوری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتانی عەرەبیدا خرایە بەرباس، سەربارەی ڕێگەکانی پەرەپێدانی پەیوەندیی و پرۆژەی هاوبەشی نێوان شارە داهێنەرەکان لە ڕشتە جیاوازەکاندا، لەڕێی خستنەکاری سێ ئامڕازەوە، کە بریتین لە زنجیرەی بەهایی کولتوریی، و چێوەی کارکردنی شار/داهێنان/کولتور (CCC)، و سیستمی ژینگەیی داهێنان و کولتور.
ئۆفیسی سلێمانی ڕۆڵی کارای سلێمانی لەناو تۆڕەکە و چالاکیە کولتوریە فراوانەکانی شارەکە و ڕۆڵی پارێزگار و دەزگا کولتوریەکانی سلێمانی خستنەڕوو. ڕاسپاردەی خۆی لەبارەی چۆنیەتی کاراکردنی پلاتفۆرمی یونسکۆوە پێشکەش کرد، کە لە ڕێی دروستکردنی داتابەیسێکی ئۆنلاینەوە یونسکۆ دەتوانێت داتای ژێرخانی کولتووری وڵاتە بەشدارەکان لەسەر ئەو پلاتفۆرمە پێشکەش بکات، کە دەبێتە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ وەرگرتنی زانیاریی کولتوری و دەرخەری ژێرخانی کولتوریی شارەکان و هۆکارێکیش بۆ پەیوەندیی و ئاشناکردنی زیاتری شارەکانی تۆڕەکە لە ڕشتە جیاوازەکاندا، لەپێناو دیزاینکردنی پرۆژە و دەسپێشخەری کولتوری زیاتر و کاراتری نێوانیاندا.
لە دیدارەکەدا، نوێنەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (شار و حکومەتە خۆجێیە یەکگرتووەکان UCLG) لە ڕۆڵی کولتور لە پەرەپێدان لە ئاستێکی لۆکاڵییدا دوا. تەوەری خستنەیەکی کولتور و سیاساتی پەرەپێدان لە شارە داهێنەرەکانی ئەو وڵاتانەدا، سەرباری خستنەڕووی ئاماژەکانی کولتور لە ٢٠٢٣دا لەسەر بنەمای پرۆژەیەکی تاقیکاریی و، ڕۆڵی داهێنەرانی لاو لە وڵاتی مەغریبدا پێشکەشکرا.
لەم بارەیەشەوە ئۆفیسی سلێمانی نەخشەڕێگای (بەژمارەکردنی رۆڵی کولتور لە پەرەپێدانی بەردەوامدا)ی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد وەک سەرەتاییترین هەنگاوی دانانی سیاساتی کولتوری لە پەرەپێدانی شارەکاندا، کە خۆی لە پێنج پایەی (نەوەی کەسانی خاوەن شارەزایی (Know How)ی کەڵەکەبووی کولتوریی و، ئامادەیی کولتور لە شارەکەدا و، نەوەی لاوانی ئێستا و، مامەڵەی کۆمەڵگە لەگەڵ کولتور و، و مامەڵەی حکومەتە خۆجییەکان لەگەڵ کولتور)دا دەبینێتەوە، بۆ ڕەنگڕێژیی ئەوەی کە ئاخۆ چ داتایەک و لە چ سەرچاوەیەکەوە کۆبکرێتەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، سەرچاوە و شێواز و ڕێگرییەکانی بەردەم پرۆسەی (لە داهێنانەوە بەرەو نوێکردنەوە) لە کایەی کولتوریی شارە بەشداربووەکاندا خرایە بەرباس.