لە ژێر دروشمی سلێمانی؛ شکۆی نەتەوەیەک ، لە هۆڵی هونەردا، یادی ٢٤٢ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای سلێمانی، بە هەماهەنگیی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و پارێزگای سلێمانی، و بە پشتیوانیی میدیایی کوردسات، ڕێکخرابوو.
لە چوارچێوەی بەرنامەکانی ئەم یادەدا، بەشداربووان بە چەندین چالاکیی هونەری و کولتووری پێشوازییان لێکرا؛ لەوانە خولەکێک بێدەنگی و ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، دانانی ٢٤٢ مۆم وەک هێمای ٢٤٢ ساڵەی دامەزراندنی شار، پیشاندانی تابڵۆی هەڵپەڕکێ، دیمەنی شانۆیی، فیلمێکی تایبەت بە شاری سلێمانی و پێشکەشکردنی جلوبەرگی کوردی.
هەروەها، چەندین گۆرانیی تایبەت بە سلێمانی و گۆرانیی کوردی لەلایەن هونەرمەندانەوە پێشکەش کرا، لەگەڵ بەشداریکردنی هونەرمەندان تارا ڕەسووڵ، شاریان کەریم و هۆمێدی نەی، کە بەشدارییان لە دەوڵەمەندکردنی بەرنامە هونەرییەکەدا کرد.
ئەم یادە، جگە لەوەی بۆنەیەکی مێژوویی بۆ بیرکردنەوە لە دامەزراندنی شاری سلێمانی بوو دەرفەتێکیش بوو بۆ نیشاندانی گرنگیی پاراستن و بەردەوامیی میراتی مێژوویی، کولتووری و هونەریی ئەم شارە هەروەها ڕێزلێنان لە کەسایەتییەکان و ئەو کەسانەی بە خزمەت و بەشدارییەکانیان بەشدارییان لە دەوڵەمەندکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووریی سلێمانی کردووە.