سلێمانی بەشداری لە پڕۆژەی(جێ کتێبی ڤێرچوەڵ)ی ئولیانۆڤسک دەکات بەبۆنەی یادی ١٠ ساڵەی تۆڕی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ
نوسینگەی سلێمانی شاری ئەدەبیی یونسکۆ، بە شانازییەوە بەشداری لە پڕۆژەی (جێ کتێبی ڤێرچوەڵ)دا کرد کە لەلایەن شاری ئولیانۆڤسکی ئەدەبیی یونسکۆوە ڕێکخرابوو، وەک ئاماژەیەک بۆ یادی ١٠ ساڵەی دامەزراندنی تۆڕی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ.
ئەم دەسپێشخەرییە نێودەوڵەتییە ٣٠ شاری لە ١٧ وڵاتی جیاوازەوە کۆکردەوە، بۆ ئامادەکردنی کۆمەڵەیەکی ناوازە لە ٤٤ بەرهەمی ئەدەبی کە لەلایەن شارە بەشداربووەکانەوە وەک کاریگەرترین کتێب هەڵبژێردرابوون بۆ نوێنەرایەتیکردنی کولتوور و میراتە ئەدەبییەکانیان.
سلێمانی شانازی دەکات کە بە شاکاری کلاسیکی کوردی، (مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی بەشداریی کردووە، کە یەکێکە لە لوتکەکانی ئەدەبیاتی کوردی و بەردی بناغەی ناسنامەی کولتوورییە لە کوردستان و ناوچەکەدا.
ئەم پڕۆژەیە ئامانجی بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی کولتوورییە لەنێوان شارە داهێنەرەکاندا، هەروەها برەودان بە یەکگرتوویی لەنێوان نووسەران و داهێنەران و ناساندنی ئەدەبیاتی جیهانی لە ڕێگەی تیشکخستنە سەر بەرهەمە کاریگەرەکانی نەتەوە جیاوازەکان.




