Search
Close this search box.

سکرتاریەتی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ، چوار ساڵی یەکەمی کارکردنی ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری یونسکۆ بە ئاستی نایاب دەنرخێنێت

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، لەسەرداوای سکرتاریەتی تۆڕەکە، ئۆفیسی سلێمانی ڕاپۆرتی چالاکیی چوار ساڵی سلێمانی پێشکەش کرد، کە پێکهاتبوو لە داتای چالاکیی و پشتگیریی بەردەوامی پارێزگاری سلێمانی بۆ سێکتەرەکە، و هەمەڕەنگیی دەزگا و ڕێکخراوە ئەدەبیی و کولتورییەکان، و زیندوێتیی ئەدەب و ئەدیبان و نووسین و وەرگێڕان و داهێنان لە شارەکەدا.

لە هەڵسەنگاندنێکدا، کە شاری داهێنەری (سیاتڵ)ی ئەمریکا بە نوێنەرایەتی تۆڕەکە ئەنجامیدا، بەشداریی و نوێنەرایەتیەکانی بەڕێز پارێزگار و ئۆفیسی سلێمانی لە دیدارە نێودەوڵەتیەکانی تۆڕەکەدا، و هەوڵە دیجیتاڵییە ناوازەکانی ئینستیتیوتی کەلەپوری کوردیی و بنکەی ژین، و کاری چاپ و وەرگێڕان و دەزگاکانی وەرگێڕان لە شارەکەدا؛ بە نایاب نرخێنراون.  

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە سلێمانی لەو ماوەیەدا بەشێوەیەکی بەرچاو دەسپێشخەریی پرۆژەی نێودەوڵەتیی و بەشداریی پرۆژەی نێودەوڵەتیی شارەکانی تریشی کردووە، و پەیوەندیی بەهێز و پڕبایەخ و کاری پێکەوەیی لەنێو تۆڕی شارە ئەدەبیەکاندا بنیاتناوە و کولتور و ئەدەبی کوردیی پێ ناساندوون.