لە ڕێکەوتی ٢٧ / ٩ / ٢٠٢٤ لە وێبینارێکی ٤٥ خولەکیدا، کە لەلایەن شاری ئەدەبیاتی مێلبۆرن ڕێکخرابوو، بەڕێز مامۆستا مەریوان حەسەن، کە نوسەرێکی پڕبەرهەم و مامۆستایە لە زانکۆی سلێمانی، وەک نوێنەرى سلێمانی شاری ئەدەبی یونسکۆ بەشداربوو و کۆمەڵێک زانیاری بەرفراوانی لە ڕەخنەی ژینگەیی پێشکەش کرد
بەشداربووانی حەوت شاری جیاوازی ئەدەبی یونسکۆ لەم وێبنارەدا بەشداربوون، کە بۆماوەی ١٠ هەفتە، هەر هەفتەیەک چەند کاتژمێرێک زانا و نوسەر و ڕەخنەگری بوارەکە گفتوگۆی پەیوەندی نێوان ژینگە و ئەدەبیانتان دەکرد، کە تێیدا نموونەی نەریتی ئەدەبی سلێمانی خرایەڕوو، سەرباری تێڕوانینی جیاوازی مامۆستای بەشداربوو کە تیشکی خستەسەر کاریگەریی ڕەخنەی ژینگەیی لەناو بابەتی ئەدەبی لە کولتووری کوردی و ئینگلیزیدا
بەڕێزی جەختی لەوە کردەوە کە چۆن ئەدەب ئاوێنەیەکی پرسە ژینگەییەکانە، و پەیوەندییەکانی نێوان داب و نەریتی ناوخۆیی کوردی و ڕەوتە ئەدەبییە نێودەوڵەتییەکانیشی خستەبەر باس و لێکۆڵینەوە، و هۆشیاری ئیکۆلۆژی لە دەقە ئەدەبییەکاندا بە پێویستییەکی ئاشکرا زانی. جەختی لەسەر ڕۆڵی گرینگی ئەدەب کردەوە لە پێشخستنی تێگەیشتنێکی قووڵ لە ئاستەنگە ئیکۆلۆژییەکان لە کولتوورەکاندا. ئەوەشی خستەڕوو کە چۆن ئەدەب دەتوانێت وەک میدیایەک بۆ داکۆکیکردن و گۆڕانکاری کار بکات و ببێتە هۆی پێداچوونەوە بە نەریتە ئەدەبییە پەیوەندیدارەکان و بەهەندگرتنی ئاکاری ژینگەیی و لێکۆڵینەوە لە نیگەرانییەکان پەیوەست بەو کایەیە