لە ڕێکەوتی ١-٧-٢٠٢٣، بەئامادەبوونی بەڕێز سەرباز بەرزنجی پارێزگاری لامبس لەندەن و ژمارەیەكی بەرچاو لە كونسوڵ و بەرپرسان و کوردانی تاراوگەو چەند کەسایەتیەک کە لە کوردستانەوە بانگھێشتکرابوون، شەیما وەسیم، نوێنەری سلێمانی شاری ئەدەبیی یونسکۆ، بەشداریکرد لە یەکەمین فێستیڤاڵی کولتوری کوردی لە لەندەن، کە لەلایەن ھەردوو ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد – بەریتانیاو ڕێکخراوی کانگاوە ڕێکخرابوو و چەندین بابەتی ھونەری و ئەدەبی و کولتوری لەخۆگرتبوو.ناوبراو لە وتەیەکدا پەیامی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و ئۆفیسی سلێمانی شاری ئەدەبیی یونسکۆ و دیاری پارێزگاری سلێمانی کە بریتی بوو لە (٥٠) کتێب، گەیاندە ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە، كە لە پێشانگای كتێب، پێشانگای جلی كوردی، شیرینی و خواردنە كوردیەكان، دیوەخان، شەوچەرە، شیعر، گۆرانی، دەف، ساز، ھەڵپەڕكێ، چەندین بابەتی ھونەری دیكە پێکهاتبوو.