ئەمڕۆ، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەڕێزان کونسوڵی وڵاتانی فەرەنساو ئیتاڵیاو هۆڵندا لە هەرێمی کوردستان و، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی و، دەستەبژێرێکی شایستەی کایە کلتوریی و هونەریی و ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکان، بەشداریکرد لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندی ڕۆشنبیریی هەردیدا، کە بە سوپاسەوە لەسەر ئەرک و لەلایەن بەڕێزان دکتۆر چۆمان هەردی و دکتۆر ئاراس فەتاحەوە، بە شێوازێکی تەلارسازیی ڕەسەن و شایستە بنیاتنراوە.
پارێزگاری سلێمانی لە وتەیەکدا؛ پیرۆزبایی و پێزانین و پشتیوانیی خۆی پێشکەشکردن، کە دڵسۆزانە ماڵێکی کلتوریی شایستەیان بۆ درێژەدان بە ئامانج و هەوڵەکانی منەوەرانی کوردو بەتایبەتیی شاعیری ناودارو ناوازەی کوردستان مامۆستا ئەحمەد هەردی؛ کردۆتەوە، لە کەسایەتیی بەرزو بەرپرسیارانەی ڕەوانشاد ئەحمەد هەردی و لەو بەرهەمە مروارییانەی دوا کە وەک بەشێک لە گەوهەری ئەدەبی کوردیی دەدرەوشێنەوە، هونەرو جوانیی و ئەدەبی بە ڕۆحی زیندووی بەردەوامبوونی سلێمانی و کوردستان لێکدایەوە.
ئەحمەد ھەردی یەکێک لە شاعیران و نووسەرانی بەناوبانگی کوردە،کە زۆربەی تەمەنی لە بواری ئەدەب و شێعری کوردی دا کاری کردووە. ئەحمەد ھەردی لە بنەماڵەیێکی ڕووناکبیر لە سلێمانی لە دایک بوو. ئەو زانیارییەکی زۆری لە بواری شیعری کلاسیکی کوردی، فارسی و عەرەبی دا ھەبوو و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شیعری نوێی کوردی ھەبووە. ھەروەھا ئەو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دا بەشدار بووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆچی دوایی کردووە.







