ئێوارەی ١١ی ئازاری ٢٠٢٥، لە شاری لۆزانی سویسرا، لە هۆڵی هۆتێل ئوغس، لە مەراسیمێکی تایبەتدا، بەدەستپێشخەریی و میوانداریی و پشتیوانیی بەڕێز فەرهاد فەرەج چالاک و سەرمایەگوزاری کورد لە سویسراو خاوەنی هۆتێل ئوغس، ئۆلیڤیێر ڕاسین، سەرکەش و ڕۆژنامەوان و نووسەری دیاری سویسرایی: بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەکی شایستە لە بەڕێزان ڕۆژنامەوان و توێژەرو ئەکادیمیست و کەسایەتیی و دەستەبژێرەکانی شارەکانی سویسراو ڕەوەندی کوردیی و بە تایبەتیی شاری لۆزان، کتێبە نوێکەی (ئۆپراسیۆنی عیراق)، کە بەشێکی زۆری بۆ پارێزگارو پارێزگای سلێمانی تەرخانکردووە؛ بڵاوکردەوە.

بەسوپاسەوە لەم دیدارەدا ئەرکی وەرگێڕان لە زمانی فەرەنسییەوە بۆ زمانی کوردیی و بەپێچەوانەیشەوە؛ لەلایەن بەڕێز ئاسۆ پیرۆتیی بەڕێوەبەری خوێندنگاکانی لۆزانەوە؛ بەڕێوەدەبرا.

بۆ یەکەمجار لەدوای مۆرکردنی پەیمانی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣دا لە کۆشکی ڕۆمين (Palais de Rumine) وەک شوێنێکی مێژویی و دبلۆماسیی بەناوبانگی جیهانیی کە دەکەوێتە سەر مەیدانی (Place de la Riponne)، ئەم کتێبە بە فەرمیی لە کتێبخانەی کۆشکی ڕۆمین تۆمارکراو وەک بەشێک لە بەڵگەنامەکانی ئەم ناوەندە دانرا.

بەسوپاسەوە ئۆلیڤیێر ڕاسین بڕیاریدا؛ کە پشکی زۆری قازانجی فرۆشتنی ئەم کتێبە پێشکەش بە پارێزگای سلێمانی بکات بۆ خەرجکردنی لە پشتیوانیی و پڕۆژە ئەدەبیی و کولتورییە بەردەوامەکانی.

لەم مەراسیمەدا چەندین دیداری ڕۆژنامەوانیی و سیاسیی و دبلۆماسیی بەڕێوەچوون.