وابڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا، شاکارێکی نوێی بەڕێز دکتۆر فەریاد فازیل عومەر؛ سەرۆکی ئینستیتوتی خوێندنی کوردیی – بەرلین، بڵاوبکرێتەوە، کە بەرهەمێکی ناوازەیەو بریتییە لە کتێبی (کوردی بەئاسانی فێربوون) بە دوازدە زمانی زیندووی جیهانیی؛ ئینگلیزی، عەرەبی، فەڕەنسی، ئیسپانی، ئەڵمانی، تورکی، فارسی، ئیتاڵی، یابانی، کۆری، چینی، هۆڵەندی.
دکتۆر فەریاد ڕایگەیاند: بەختیارم، کەلەتوانامدابوو، لەم تەمەنە هەڵکشاوەمدا ئەم کارانە بۆ زمانی نەتەوە خۆشەویستەکەم بەئەنجام بگەیەنم. بە دوازدە زمانی زیندووی جیهانی: ( ئێنگلیزی، ئەلمانی، فەڕەنسی، ئیتالی، ئیسپانی، هۆلەندی، عەرەبی، فارسی، تورکی، چینی، کۆری و یابانی )، بێگومان لە نەخشەماندایە، کە زمانە گرنگەکانی تریشی بەدوادا بهێنین.
ئەم بەرهەمە لەڕووی ناوەرۆکەوە لە ٣٨ بابەتی فرەلایەن و هەمەڕەنگ پێکهاتوووە، کە ڕێنیشاندەرن بۆ فێربوونی زمانی کوردی بە ڕێگایەکی ئاسان.
کتێبەکە لەهەموو زمانەکاندا بەهەردوو جۆرە تیپی کوردی واتە، عەرەبی – کوردی و لاتینی – کوردی نووسراوە. ئەپلیکەیشنیشی بۆ هەردوو سستێمی ئەندرۆید و ئایئۆئیس بۆ دانراوە. کاتیککە، مرۆڤ دەچیتە سەر کیوئارکۆدەکە وشە و رستەکان دووجار بەدەنگ دەخوینرێنەوە، جارێکیان لەکاتی خوێنەوەیدا تیرەکە دەچێتە سەر تیپە عەرەبییەکە و جاری دوووەمێشیان تیرەکە دەچیێتە سەر تیپە لاتینییەکە.
پاشکۆیەکی ڕێزمانی پوختەشمان لە کتێبێکی سەربەخۆدا بەتایبەتی بۆ ئەوانە داناوە، کە دەیانەوێ بە ساکاری دەستووری زمانی کوردی بخوێنن. ئەم کتێبە ڕێزمانییە پەیوەستە بەو وشە، ڕستە و دەربرینانەی، کە لە کتێبەکەدا بەکارهێنراون. بابەتە رێزمانییەکانی ( دەنگسازی، وشەسازی و ڕستەسازی ) بە نموونە روونکراونەتەوە.
مەبەست لە دانانی ئەم کتێبە:
١- ئەو بێگانانەی، کە لە کوردستاندا دەژین ڕێز لە زمان و کولتووری کورد بگرن و زمانەکەیان فێرببن.
٢-دەروازەیەک بێ بۆ نەوەکانی کورد، کە لە دەرەوەی کوردستان دەژین لە ڕێگایەوە بنچینەی زمانی دایکیان پتەوتر بکەن.
٣-زمانی کوردی لەسەردەمی لێکنزیکبوونەوەی نەتەوەکاندا بەئاسانی بە جیهان بناسێنێ.
٤-کتێبەکە بەزمانەکانی چینی، یابانی و کۆری سەردەقشکێنە.
ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ، سوپاس و پێزانین و دەستخۆشیی ئاراستەی بەڕێز دکتۆر فەریاد فازیل عومەر دەکات، لەپای ئامادەکردنی ئەم شاکارە زمانەوانییە، کە دەبێتە هۆی زیاتر گەیاندنی دەنگی زمانی کوردی، بە زمانی نەتەوە گرنگەكانی جیھان.