لە ڕۆژانی ١١ و ١٢/ ١٢/ ٢٠٢٤، بەئامادەبوونی جێگری پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی ئاینی و ئەدەبدۆستان لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لە هۆڵی كۆنگرێسی زانكۆی سلێمانی، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی مەولەوی ناسی لە سلێمانی ئەنجامدرا، کە لەلایەن زانکۆی سلێمانی و ماڵپەڕی مەولەوی ڕێکخرابوو.
ئەم کۆنفرانسە لەسەر شاعیری گەورەی کورد مەولەوییە، بۆ ئەوەیە نەک تەنها وەک شاعیرێک، بەڵکو کەسایەتیی مەولەوی لە هەموو ڕەهەندەکانەوەو لە ڕوانگەی سەرجەم بەرهەمەکانییەوە زیاتر بناسێنرێت و بناسرێت. ئەمەش پێویستی بەوەیە لە رێگەی ئەم کۆنفرانسەو نوسینی توێژینەوەی زانستییەوە لەلایەن توێژەر و شارەزایان و مەولەویناسانەوە ئاوڕ لە سەرجەم بەرهەمەکانی مەولەوی بدرێتەوە. ئەم کۆنفرانسە جگە لە لیژنەی ئامادەکاری و زانستی و لیژنە ئاساییەکانی تری کۆنفرانس، لیژنەیەکی ڕاوێژکاریشی بۆ پێکهێنراوە لە کەسانی بە ئەزموون و مەولەویناس، بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموون و شارەزاییان وەربگیرێت و تەوەرو ڕەهەندەکانی کۆنفرانسەکە دەوڵەمەندتر بێت و پڕ بە پێستی کەسایەتیی مەولەوی بێت.
لە سەرەتای كۆنفرانسەكەدا، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە وتەیەكدا بەخێرهاتنی ئەدەب دۆستان و پسپۆڕان و میوانانی كرد بۆ یەكەمین كۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی مەولەویناسی، كە وەك ڕێبازێكی سۆفیگەری، نەك تەنیا كاریگەری لەسەر تاكی كورد، بەڵكو لەنێو بیری سۆفیگەریدا، خامەكەی هەژموونی فیكریی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، شوێنكەوتوان و ئەوانەی لەژێر كاریگەری نەریتی مەولەویدان، ڕۆڵیان لە پەرەپێدانی شوناسی كورد و پێشخستنی پاراستنی كلتوری كوردبووندا هەیە.
پاشان هەریەك لە(عادل لەتیف) خاوەن ئیمتیازی ماڵپەڕی مەولەوی و(مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی) وتەیان پێشكەشكرد. هاوكات (د.عەبدولڕەحمان ئاداك) مامۆستای بەشی زمان لە ڤیدیۆیەكدا باسی لە زمانی مەولەوی كرد، كە بەشێكە لە زمانی پەهلەوی و دیرۆكی كۆنی زمانی مادی و هەورامی.
لە بەشێكی دیكەی كۆنفڕانسەكەدا، فیلمێكی دۆكۆمێنتاری لەسەر بەرهەم و وێستگەكانی ژیانی مەولەوی لەلایەن هاما گروپەوە پێشكەشكرا، هەروەها هەردوو هونەرمەند (شەهرام مەنسوری)و (ڕێبەر دڵشاد) بەچڕینی چەند پارچە شیعرێكی مەولەوی و مەولانا بەشێوەی مەقام و بەستە بەهاوكاری گروپی مۆسیقای ئاران، كۆنفڕانسەكەیان ڕازاندەوە.
جێی باسە، لە ڕۆژی یەكەم و دووەمی كۆنفڕاسەكەدا، ٣٥ توێژینەوە لەلایەن چەندین توێژەر لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە هەشت پانێڵدا بەڕێوەدەچێت، بڕیاریشە لە كۆتاییدا ئەنجام و پێشنیارو ڕاسپاردەكانی كۆنفرانس ڕابگەیەنرێت.
سەید عەبدوڕەحیمی تاوگۆزی (مەولەوی) 1806 – 1882 زایینی، یەکێکە لە شاعیرە هەرە ناودارەکانی کوردو خاوەنی دیوان و کتێب و بەرهەمی جۆراوجۆرو ناوازەی ئەدەبییە.