پارێزگای سلێمانی بەشداریی کۆڕبەندی باڵای هاوبەشانی پرسی کۆچی نێوان ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست لە ماڵتا دەکات

ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، شەماڵ ئەبوبەکر ڕێکخەری ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ، بە نوێنەرایەتی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، وەک پانێڵیست بەشداریکرد لە کۆڕبەندی باڵای هاوبەشانی پرسی کۆچی نێوان ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست لە زانکۆی ماڵتا، کە لەلایەن بەرنامەی جیهانیی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری تاراوگەکان (EUDiF) ەوە ڕێکخرابوو. تیایدا، وەزیرە باڵاکان، باڵیۆزەکان، بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و بەرپرسانی نێودەوڵەتی و ڕابەرە دامەزراوەییەکان، نوێنەرانی باڵای حکومەت، دامەزراوە ئەوروپی و نێودەوڵەتییەکان، شارەزایانی کۆچ و ئەکادیمیستەکان و ڕێکخراوی ڕەوەندەکان ئامادەبوون، بەمەبەستی تاوتوێکردنی داهاتووی هاوبەشانی کۆچ وخۆڕاگریی و هاوکاریی هەرێمایەتییان.
بەرنامەی جیهانیی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری تاراوگەکان (EUDiF) میکانیزمێکی پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپایە و لەلایەن ناوەندی نێودەوڵەتی پەرەپێدانی سیاساتی کۆچ (ICMPD)یەوە بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی لەنێوان دامەزراوە گشتییەکان و ڕێکخراوەکانی ڕەوەند لە سەرانسەری جیهاندا، جێبەجێ دەکرێت.
نوێنەری پارێزگاری سلێمانی، لە پانێڵێکی EUDiF دا، لەگەڵ نوێنەرانی ڕەوەندەکانی ماڵدۆڤا، ئۆکرانیا، لوبنان، سوریا، سودان، و ئەوروپادا لەبارەی ئەو پرسەوە دوان، و تیشکی خستەسەر ڕۆڵی پارێزگای سلێمانی، کە وەک پردێکی بەهێزی پەیوەندیی نێوان سەرمایەی مرۆیی و پیشەیی و هۆشمەندیی و سیاسیی و کلتوریی نێو کۆمەڵگەکانی ڕەوەندی کوردی و دامەزراوە و چالاکییە کۆمەڵگەییە ناوخۆییەکان، لە کارکردن بۆ ڕیفۆرمی یاساکانی کۆچ، و پشتگیریی هونەرمەند و نووسەران و ئاڵوگۆڕی کلتوریی، و وەبەرهێنان، و گەشەپێدانی گەنجان و بەهێزکردنی دەرکەوتنی ڕەوەندی کوردیی لە هەردوو کۆمەڵگەکانی دایک و خانەخوێیاندا، ڕۆڵی گێڕاوە.
بەستنەوەی بەشدارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی پارێزگاری سلێمانی لە بواری کۆچ و تاراوگەدا بە EUDiF ەوە، بە سوپاسەوە بەرهەمی دەسپێشخەرییەکی بەڕێز فەرزان نەجمەدین ئەندامی چالاکی ڕەوەندی کوردییە لە هۆڵندا، بە پشتگیریی دانەبڕاوی پارێزگاری سلێمانی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچIOM و بەڕێوەبەرێتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی و زانکۆی سلێمانی و چالاکوانانی ڕەوەندی کوردیی، کە بەهۆیەوە پەیوەندییەکانی ڕەوەند لە پەیوەندی تاكەکەسییەوە بۆ هاوبەشیی بەرهەمدار و دامەزراوەیی و دوولایەنەی سوودبەخش بەرەوپێشچوون، و بەشداریی ڕەوەندی کوردیی لە گەشەپێدانی ناوخۆیی، و بەرزڕاگرتنی شوناسی کوردیی، و بەستنەوەی ناوخۆ بە کۆمەڵگەی هاوکاریی نێودەوڵەتییەوە بەهێزتر کردووە.