لە رۆژانی 19 تا 21ـی ئازاری 2026، حەڤدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەدرخان لە شاری کەتەنزاڕۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، کە بەتایبەتی تەرخان کراوە بۆ یادکردنەوەی ژەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان، وەک پێشەنگێکی دیپلۆماسیی کورد.
بەپێی راگەیەندراوی لیژنەی باڵای ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە، چالاکییەکان بە بەشداریی30کەسایەتیی ئەکادیمی، نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد لە هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەچن. لە گرنگترین کارەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەش بریتین لە چاپکردنی 13 کتێب، پەردەلادان لەسەر پەیکەرێک بۆ شەریف پاشا، کردنەوەی پێشانگای کتێب و شێوەکاری، و بڵاوکردنەوەی سێ رۆژنامە بە زمانەکانی کوردی، فەڕەنسی و ئیتاڵی بە ناوی (ژەنەڕاڵ شەریف پاشا).
بیرۆکەی یادەکە و دۆزینەوەی گۆڕی شەریف پاشا (1865 – 1951) لە ئیتاڵیا، لەلایەن دکتۆر جاسم تۆفیق خۆشناوەوە بووە. کارەکانی ئەم پڕۆژەیە دوای ساڵێک لە ئامادەکاری و بە هاوکاریی چەندین کەسایەتیی سیاسی و ئەکادیمی، لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا و ڤاتیکان، و هەردوو پارێزگای سلێمانی و کەتەنزاڕۆ جێبەجێ دەکرێت.






