ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبی یونسکۆ، پیرۆزبایی ساڵی نوێتان لێدەکات و هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و بەختەوەریتان بۆ دەخوازێت.
هەندێک لە کار و چالاکییەکانی پارێزگاری سلێمانی و ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبی یونسکۆ لە ساڵی ٢٠٢٥دا، وەک ساڵێکی پڕ لە گەشەسەندن و پەیوەندیی جیهانی بۆ شاری سلێمانی، لە ڕێی کارکردن لەگەڵ نووسەران و هونەرمەندانی کورد لە ناوخۆی کوردستان و تاراوگەو لەنێو تۆڕی شارە داهێنەرە ئەدەبیەکانی تری یونسکۆدا.
- پشتگیریی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی (شاکارەکانی لالە عەبدە) بە چوار زمان (کوردی، ئەڵمانی، ئینگلیزی و ئیتاڵی).
- پشتگیریی چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا”ی نووسەر بەختیار عەلی بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ئەفسانە لە لەندەن و لە وەرگێڕانی کەریم عەبدولڕەحمانەوە، کە وەک یەکێک لە ١٠٠ باشترین کتێبی جیهان لە ٢٠٢٤ دا دەستنیشانکراوە.
- پشتگیریی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی (نووسینەکانی شێخ نوری شێخ ساڵح) کە لەلایەن خوالێخۆشبوو ئومێد ئاشناوە کۆکراوەتەوە و ئامادەکراوە.
- ئاسانکاری چاپی سێیەمی (چیرۆکە فۆلکلۆرییەکانی کورد) کە لەلایەن پڕۆفیسۆری زانکۆی هارڤارد (ویلەر ثاکستن)وە وەرگێڕدراوە؛ بە مەبەستی پاراستنی کەلەپووری زارەکیی کوردی.
- پشتگیریی چاپکردنی ئەلبوومێکی دۆکیومێنتاریی (وێنەی کورد لە هونەری فەڕەنسیدا)، کە تابلۆی هونەرمەندانی فەڕەنسی سەدەکانی ١٨ و ١٩ ی کوردستانی لەخۆگرتووە و لە توێژینەوەیەکی دکتۆرای د. بێساران فەیرووز حەسەنەوە وەرگیراوە.
- لە ڕۆژی جیهانیی وەرگێڕان، ٣٠ی ئەیلوولدا، چالاکییەکی هەفتەییمان سازکرد کە تێیدا شیعری ١٤ شاری داهێنەری ئەدەب شانبەشانی سلێمانی بڵاوکرانەوە، بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی و زمانی ڕەسەنی شیعرەکان.
- بەشداریکردن لە پڕۆژەی (کتێب و شارەکان)ی شاری میلانۆ (ئیتاڵیا) لە ڕێگەی ناساندنی مێژوو و میدیای ١٠ ناوەندی دیاری ئەدەبی، کولتووری و هونەری لە شاری سلێمانیەوە.
- پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ شاری ئۆدێسا (ئۆکرانیا) کە تێیدا شیعری شاعیران (ڕەنج سەنگاوی، زولەیخا کەریم و ڕێباز مەحموود) و پوختەی پرۆفایلی شاری نمایشکرا.
- هاوکاریی شاری سیاتڵ و کەشکۆڵ: بە بەشدارکردنی شاعیری لاو (زاموا محەمەد) لە پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ شاری سیاتڵ لە (ئەمریکا)دا.
- وەرگێڕان و ناردنی سێ پارچە شیعری شاعیر(کەژاڵ ئەحمەد) بۆ گۆڤارێکی ئەدەبیی تایبەتی شاری سیاتڵ (ئەمریکا).
- پڕۆژەی برەیڵ (Braille): بەشداریکردن لە دەسپێشخەریی شاری دونەدن (نیوزلەندا) بۆ بەرهەمهێنانی ئەدەبیاتی تایبەت بە نابینایان و بەردەستبوونی ئەدەب بۆ هەمووان.
- بەشداریی داهێنەرانەی نووسەر و وەرگێڕ (هەڵۆ فەریق) لە پڕۆژەی (Small Delight) کە لەلایەن شاری لیوواردن (هۆڵەندا)وە ڕێکخرابوو.
- ئینکیوبەیتەر(تروکێنەری مرەکەبی) مێلبۆرن-سلێمانی: پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان مێلبۆرن و سلێمانیە بۆ دروستکردنی کارەکتەرەی ئەدەبیی، لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕێکی ئۆنلاین لە نێوان ١٠ نووسەری هەردوو شاردا بۆ ماوەی ١٠ هەفتە.
- بەشداریی کولتووریی لەگەڵ شاری لڤیڤ (ئۆکرانیا) لە ڕێگەی ناردنی ٧ کتێبی وێنەیی کە شوناسی بینراو و کەلەپووری سلێمانی دەناسێنن بە کتێبخانەی هونەری شارەکە.
- بەشداریی شاعیر (نەبەز هەورامی) و شیعری (نزا بۆ نیشتمان) لە پێنجەمین ماراسۆنی ڤیدیۆ-شیعریی (پێن ئینتەرناشناڵ)دا.
- بەشداری بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و ئۆفیسی سلێمانی لە دیداری نێودەوڵەتیی یونسکۆ بۆ پیشە دەستییەکان و هونەرە میللییەکان لە شاری ئەحسا، لە شانشینی سعودیە.
- بەشداری نووسەر مەریوان نەسرەدین لە پڕۆژەی هاونشینی (ئەدەب و سروشت) لە شاری ئەدەبیی نانجین لە وڵاتی چین.
- ناساندن و نمایشی ئۆنلاینی بەرهەمی خۆماڵیی (نانی تیریی خەجێ خانم)، شانبەشانی پرۆفایلی داهێنەری پڕۆژەکە لە وێبسایتی نێتوێرکی (Breads of the Creative Cities) لە کڵەستەری پیشە دەستییەکان و هونەری میللی شارەکاندا.
- بەشداری ئۆفیسی سلێمانی بە ئۆنلاین لە کۆبوونەوەی ساڵانەی تۆڕی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ UCCN دا، کە لە شاری (ئۆنگیا لیبا)ی فەرەنسا، لەژێر ناونیشانی (کولتوور و زیرەکی دەستکرد؛ ڕەنگڕێژیی داهاتووی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ)دا ڕێکخرابوو.
- فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی داهێنانی منداڵان: ئۆفیسی سلێمانی شاری ئەدەبی لەگەڵ شارە جیهانییەکانی دیکەدا بەشدارییکرد لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی بۆ داهێنانەکانی منداڵان، کە لەلایەن (ئۆلیانۆڤسک)ی شاری داهێنەری ئەدەبی یونسکۆوە ڕێکخرابوو.


