شاندێکی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان، بە بەشداریی فۆتۆگرافەر (ناسێح عەلی خەیات) و بە یاوەریی بەڕێز (جەمال ساڵح) سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرانی سلێمانی، بەشدارییان لە گەورەترین پێشانگای (فۆتۆستۆری) لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان کرد. لەنێوان ٢٨ فۆتۆگرافەری هەر چوارپارچەی کوردستان، هونەرمەند (ناسێح عەلی خەیات) توانی پلەی یەکەم و خەڵاتی باشترین “فۆتۆستۆری” بەدەستبهێنێت.
لە درێژەی چالاکییەکاندا، شاندی کۆمەڵەکە سەردانی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانییان کرد, مەبەستی سەردانەکە دەربڕینی سوپاس و پێزانین بوو بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی پارێزگار پێشکەش بە کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەی وێنەگرانی دەکات. لای خۆشییەوە، پارێزگاری سلێمانی وێڕای پیرۆزبایی گەرمی بۆ ئەم دەستکەوتە، دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هونەری فۆتۆگرافی و پەرەپێدانی تواناکانی وێنەگرانی کوردستان.





