ئەمڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، پێشوازیکرد لە بەڕێزان وەفدی پارێزگای سلێمانی و کوردستان بۆ حەڤدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەدرخان لە شاری کەتەنزارۆی ئیتاڵیا تایبەت بە ڕەوانشاد ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان پێشەنگی دیبلۆماسیی کورد، بەڕێزان (مامۆستا حەسەن یاسین، پ.د.هێرش ڕەسوڵ موراد، پ.د.ئیبراهیم سەعید زمناکۆ و هونەرمەند زاهیر سدیق)، کە بەمەبەستی پێشکەشکردنی سوپاسنامە و بڕوانامەی فێستیڤاڵەکە بە پارێزگاری سلێمانی وەک پشتیوانێکی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە، سەردانی پارێزگاری سلێمانییان کردبوو.
لە دیدارەکەدا، پەیامی بەڕێزان سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە (دکتۆر جاسم تۆفیق خۆشناو مامۆستای زانکۆ لە ئیتاڵیا، حەمید ئەبوبەکر بەدرخان بەرپرسی ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەوانیی و کلتور و، فەیسەڵ خۆشناو سەرۆکی ڕێکخراوی دیاکۆ) و ئامادەبووان و بەڕێزان پارێزگاری شاری کەتەنزارۆ پرۆفیسۆر نیکۆڵا فیۆریتا و پێشنیازەکانی فێستیڤاڵەکەیان گەیاندە پارێزگاری سلێمانی، کە بەسوپاسەوە پارێزگاری کەتەنزارۆ لەسەر پێشنیازی بەڕێزان پ.د.هێرش ڕەسوڵ و دکتۆر جاسم خۆشناو، ئامادەیی هاوتایی و دەستەخوشکی بۆ پارێزگاری سلێمانی دەربڕیوەو، بەسوپاسەوە لەڕێی پێشکەشکردن و خستنەڕووی دۆکۆمێنتە فەرمییە مێژووییە یاساییەکانەوە ئەوەی سەلماندووە، کە ڕەوانشاد ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان لە شارەکەی ئەوەنداو لەم جێگایەی ئێستایدا بەخاکسپێردراوە لە (٢٢/ ١٢/ ١٩٥١)دا.
بەڕێز پ.د.ئیبراهیم سەعید زمناکۆ پێشنیازی ئەوەی کردووە، کە ڕۆژی کۆچی دوایی ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان لە ٢٢ی کانوونی یەکەمدا بکرێتە ڕۆژی دبلۆماسیی کوردیی.
پارێزگاری سلێمانی پێزانین و پشتیوانیی خۆی بۆ هەموو بەشداریی و دەستپێشخەریی و پێشنیازە شایستەکان دووپاتکردەوە.





