ئەمڕۆ، لە گەلەریی مۆزەخانەی سلێمانی، بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و د. موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و هونەردۆستان، پێنجەمین پێشانگەی تایبەتیی هونەرمەند و شێوەکاری ناسراو نەجات چیمەنی کرایەوە.
پێشانگەکە بە ناونیشانی (شارەکەم) و لەژێر سەرپەرشتیی بەشی هونەری شێوەکاریی سلێمانیدا بەڕێوەدەچێت. پاش تەواوبوونی سەرجەم ئامادەکارییەکان، بڕیارە پێشانگەکە لە ١٣ تا ١٥ی ئەیلوول بەردەوام بێت و تابلۆکان لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی نمایش بکرێن؛ ڕۆژانەش لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی تا ٦:٣٠ی ئێوارە پێشوازی لە سەردانکەران و هەوادارانی هونەری شێوەکاری دەکات.
دەربارەی هونەرمەند
نەجات چیمەنی لە ساڵی ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، شێوەکار و هونەرمەندێکی ناسراوی کوردستانە و پێشتریش کارە هونەرییەکانی لە چەندین پێشانگەی وڵاتانی ئەوروپادا نمایش کردووە. لە بەرهەمە هونەرییەکانیدا، بە تایبەتی لەم پێشانگەیەدا، بە شێوازێکی قووڵ گرنگی بە ڕەنگدانەوەی سروشت، کەلەپوور، نەریت و دیمەنە کولتووری و ڕەسەنەکانی شارەکەی دەدات.







