لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە گۆڤاری ئەدەبیی نێودەوڵەتی “ArabLit & ArabLit Quarterly” بڵاوکراوەتەوە، دکتۆر هێمن لەتیف، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای “ئاگۆرا ڤیژن”، تیشکی خستە سەر فراوانبوونی ئامادەیی ئەدەبی کوردی لە جیهاندا لە ڕێگەی وەرگێڕانی ئینگلیزی و بڵاوکردنەوەی دیجیتاڵییەوە.
چاوپێکەوتنەکە لە ژێر ناونیشانی “دەربارەیبەجیهانیکردنیکتێبخانەیکوردی“ لە لایەن دکتۆر ئالان عەلی سەعید، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی سلێمانی ئەنجامدراوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە هەڵکشانی وەرگێڕانی ڕۆمانی کوردی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی دەکات و “ئاگۆرا ڤیژن”یش، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە لە سلێمانی دامەزراوە، وەک یەکەمین دەزگای کوردی لەم بوارەدا دەناسێنێت کە تا هاوینی ٢٠٢٦ حەوت ڕۆمانی کوردی بە وەرگێڕدراوی بۆ زمانی ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە.
دکتۆر لەتیف، کە هاوکات سەرۆکی بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری و بەڕێوەبەری سەنتەری داهێنان و کارسازی (AEIC)ـە لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی (AUIS)، ڕوونی کردەوە کە ئەرکی دەزگاکەیان لەسەر بنەمای گەیاندنی ئەدەبی کوردی بە خوێنەرانی دەرەوەی زمانی کوردی، بەکارهێنانی سەکۆ دیجیتاڵییەکان بۆ تێپەڕاندنی سنوورە سیاسی و جوگرافییەکان، و بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی چاپکردن و مافی خاوەندارێتی هزری، بونیادنراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بۆ پاراستنی کوالێتی و خێراکردنی کارەکان، دەزگاکەیان لە پڕۆسەی وەرگێڕاندا پشت بە سیستەمی کاری تیمی هاوبەش دەبەستێت.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا تیشک خرایە سەر ئەپلیکەیشنی “ئاگۆرادەنگ“ وەک گەورەترین کتێبخانەی دەنگیی کوردی، کە زیاتر لە ١,٠٠٠ کاتژمێر تۆماری تایبەت و زیاتر لە ٢٠٠ بەرهەمی نووسەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە هەموو شێوەزارەکان لەخۆدەگرێت، و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ەوە هاوشانی کەناڵە ئینگلیزییەکەی “ئاگۆراڤۆیس“ گەیشتووەتە گوێگران لە زیاتر لە ١٧٥ وڵاتی جیهاندا.


