Search
Close this search box.

ئەمڕۆ، دەروازەی ڕاپەڕین، ڕانیەو قەڵادزێی سەرکەش، بەسەرۆکایەتیی وەفدێکی پارێزگای سلێمانی؛ بەشداریمانکرد لە ڕێوڕەسمی فەرمیی پێشوازیی و ڕێزلێنان و بەڕێکردن و بەخاکسپاردنی نوسەرو شاعیرو پێشمەرگەو ئەکادیمیست و پەرلەمانتاری دیارو شکۆمەندو جوامێری کوردستان ڕەوانشاد دکتۆر ڕەفیق سابیر، کە بەسوپاسەوە بەبەشداری دەستەبژێران و ڕۆشنبیران و بەهرەمەندانی هەموو ناوچەکانی کوردستان و ڕەوەندی کوردییەوە، بەچاودێریی بەڕێز قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەلایەن بەڕێز عەتا محەمەد نوێنەری جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و نوسینگەی تایبەتی بەڕێزیانەوە بە هەماهەنگیی بەڕێزان هیوا قەرەنیی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و بەکر باییز قائیمقامی قەزای پشدەرو کۆی دامەزراوە ڕۆشنبیریی و کلتوریی و حکومیی و حیزبییەکان و خانەوادەی خانەدانی دکتۆر ڕەفیق سابیرەوە؛ ڕێکخرابوو.

لە وتەیەکدا د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ڕۆڵ و ئەزموونی پڕ بەخشش و سەروەریی بەڕێزیان دواین و چەپکەگوڵی ڕێزو وەفای لە سەر دوامەنزڵگای بەڕێزیان دانا، چەندین چالاکیی شایستە پێشکەش کران و هاووڵاتیانی بەڕێزو بەوەفا بەدرێژایی ڕێگاکانی نێوان ڕانیەو قەڵادزێ لە پێشوازییدابوون.

خانەوادەی بەڕێزیان ئاڵای پیرۆزی کوردستانی سەر تەرمی ڕەوانشاد دکتۆر ڕەفیق سابیریان پێشکەش بە بەڕێز نوێنەری جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کردو، بەڕێزیشیان پێشکەشی پارێزگاری سلێمانی کرد، بۆ ئەوەی لە مۆزەخانەی دیوانی پارێزگای سلێمانیدا؛ بۆ پابەندبوون بە پەیامەکانی کۆچکردوو پاراستنی وەک هێمای شکۆو سەروەریی کوردستان و جوامێریی بەڕێزیان؛ بپارێزرێت.