ئەمڕۆ لە باخی گشتیی شاری سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر بەشدارییکرد لە مەراسیمی یادکردنەوەی حەفتا و شەش ساڵەی کۆچی دوایی شاعیر و ڕۆشنبیری مەزنی کورد، پیرەمێردی نەمر (١٨٦٧-١٩٥٠)، کە لەلایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت (CDO) بە چەندین چالاکیی ناوازە ڕێکخرابوو. لە میانی وتارێکدا، د. هەڤاڵ تیشکی خستە سەر شکۆ و میراتە دەوڵەمەندەکەی ئەم کەسایەتییە مێژووییە کە بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ناسنامەی نەتەوەیی کورد دادەنرێت. پیرەمێرد، کە ناوی تەواوی تۆفیق مەحموود هەمزەیە، نەک هەر شاعیر، بەڵکو باوکی ڕۆژنامەگەریی کوردی و نوێکەرەوەی جەژنی نەورۆز بوو؛ ئەو لە ڕێگەی ڕۆژنامەی “ژیان” و زمانە سادە و پاراوەکەیەوە، هەوڵێکی بێوچانی دا بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکی کورد و نزیککردنەوەی ئەدەب لە چینی هەژار و مامناوەندی کۆمەڵگە، کە تا ئەمڕۆش بەرهەم و کارە ڕیفۆرمخوازییەکانی وەک قوتابخانەیەکی زیندوو لە یادەوەریی نەتەوەکەماندا ماونەتەوە.








