ڕێکەوتی ١/ ٧/ ٢٠٢٤، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی تۆڕی جیهانیی شارەداهێنەرەکانی یونسکۆو، بەمەبەستی بەشداریکردن لە دیداری ساڵانەی تۆڕی جیهانیی شارەداهێنەرەکانی یونسکۆو یادی بیستەمین ساڵەی دامەزراندنی ئەم تۆڕە نێودەوڵەتییە لە شاری براگای وڵاتی پورتوگال، بەبەشداریی سێ سەدو پەنجا شار لە سەد وڵاتی جیهانەوە، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، هاوڕێ لەگەڵ ئەندازیار شەماڵ ئەبوبەکر ڕێکخەری خۆبەخشی ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ؛ بەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە شاری پۆرتۆو دواتر شاری براگای پورتوگال ( دووەمین کۆنترین شاری ئەو وڵاتە)و، بەشدارییان کرد لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم دیدارە نێودەوڵەتییەو هەموو چالاکییەکانی ئەم دیدارەدا کە لە ڕۆژی ١-٥ی تەمموز؛ دەخایەنێت. تیایدا ڕەنگڕێژی پلانی یونسکۆ تا ساڵی ٢٠٣٠ بۆ ڕۆڵی کولتور لە پەرەپێدانی بەردەوام و کاراکردنی ڕۆڵی گەنجان تێیدا؛ بە بەشداریی پارێزگارو ئۆفیسی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ؛ دەکرێت.لە دیدارەکەدا؛ بەڕێزان سەرۆک و یاریدەدەرو پارێزگارو ئەندامانی بەشداربووی دیدارەکە، بە بایەخەوە ئەندامێتیی پارێزگای سلێمانی و بەشدارییە بەردەوامەکانیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەرزنرخاند.بەڕێز ڕێکخەری ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ؛ بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ دە کتێبی پێشکەش بە کتێبخانەی شاری براگا؛ کرد.