ڕۆژانی ٢١ بۆ ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە شاری ئیدنبرە لە سکۆتلەندای شانشینی بەریتانیا، کۆنفرانسی ساڵانەی تۆڕی شارە داهێنەرە ئەدەبیەکانی یونسکۆ، بە بەشداری ڕێکخەری ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ، هاوتا لەگەڵ ٦٠ نوێنەری ٤٠ شاری تۆڕە ئەدەبیەکە لە کۆی ٥٣ شار، لە ٣٩ وڵاتی جیهانەوە، بە سەرپەرشتی پارێزگاری ئیدنبرە و دێنیس باکس سکرتێری تۆڕی ٣٥٠ شاری داهێنەری یونسکۆ، و ئامادەبوونی ناوداران و ئەندامانی بۆردی شارە داهێنەرەکە، بەڕێوەچوو

لە کۆنفرانسەکەدا مەراسیمی یادی ٢٠ ساڵەی ئیدنبرە وەک یەکەم شاری داهێنەری یونسکۆ لە جیهاندا، ئەنجامدراو تیایدا ڕێکخەری ئۆفیسی سلێمانی بەو بۆنەیەوە بەرهەمی ئەدەبیاتی کوردیی بە زمانی ئینگلیزیی وەک دیاری پارێزگاری سلێمانی پێشکەش بە بەڕێز پارێزگاری ئیدنبرە و بەشداربووان کرد

لە ماوەی رۆژانی کۆنفرانسەکەدا، ٤ مێزگرد دەربارەی (بەشداری گەنجان و هەمەڕەنگیی بەرهەمە ئەدەبیەکان)، (بەردەوامبوون و توانای دارایی ئۆفیسەکان)، (زیرەکی دەستکرد AI و ئەدەبیات)، (کاری هاوبەشی نێوان سێکتەرە جیاجیاکانی تۆڕەکە) بەڕێوەچوو. گفتوگۆی ڕێکەوتننامەی بەکۆمەڵی تۆڕەکە دەربارەی ئامانج و پابەندیی شارەکانی نێو تۆڕەکە، و گرنگیی ڕاپۆرتەکانی هەڵسەنگاندن و چاودێریی شارە هاوتاکان بۆ یەکتر، و هاتنی شاری نوێ و راگەیاندنی دەستپێکی پێشکەشکردنی داواخوازیی نوێ، و کۆنفرانسی گشتی تۆڕی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ لە ٢٠٢٥ لە لوبیانا، و کۆبوونەوەی مۆندیاکەڵت و دیدارەکانی تری یونسکۆ کرا

ڕێکخەری ئۆفیسی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، کە ئەم نازناوە وەک دەنگێکی ڕەوای ناسراوی نێودەوڵەتیی کورد و شوناسی کورد وەک ژیانساز و داهێنەر، نەک تەنها وەک جەنگاوەر و پاڵەوانی شەڕ، لەلایەن پارێزگار و دەزگا ئەدەبیەکان و ئۆفیسی سلێمانیەوە پەرەی پێدەدرێت. ئۆفیسەکە پرۆژە و بەرهەم و پشتگیریەکانی پارێزگاری سلێمانی و دەزگا و ناوەندە کولتووریەکان و زانکۆی سلێمانی و ئۆفیسەکەی خستەڕوو، سەرباری ناساندنی نازناوەکە و کاراکردنی کایەی کولتووری لە شارەکەدا لە دۆخ و هەلومەرجێکی ئابووریی و سیاسی سەختدا. هەروەها باسی لە بایەخی پارێزگای سلێمانی کرد بە چاپکردنی بەرهەمی ئەدەبیی گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت، و ناساندنی نووسەران بە گشتی و ئەو چینوتوێژە و ناساندنی زیاتری توانا و زەمینە ئەدەبیە لۆکاڵیەکانی سلێمانی لە تۆڕەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا

هەر لە چوارچێوەی بەرنامەی کۆنفرانسەکەدا، ڕێکخەری ئۆفیسی سلێمانی لە گفتوگۆیەکی ئەکادیمیی زانکۆی ئیدنبرەدا دەربارەی پەیوەندی زانکۆ و شارە ئەدەبیەکانی تۆڕەکە (ئیدنبرە، مانچێستەر، نۆتنهام، نۆریچ، لیوواردن، ئوتریخت، سلێمانی، برێمن)، بە نوێنەرایەتی ٤ وڵات و ئامادەبوونی ١١ شارەزای ئەکادیمی خاوەن بڕیار لە سیاساتە کولتورییەکانی زانکۆ و شارە ئەدەبیەکانیاندا، بەشداربوو. تیایدا گفتوگۆ دەربارەی بەشداریی و پاڵپشتی زیاتری ئەکادیمیا لەگەڵ ئۆفیسی شارەکاندا، بۆ بەرەوپێشبردنی دەرفەتەکانی تۆڕەکە لە ئەکادیمیادا و، رۆڵی ئەکادیمیا و شارەکان لە قەیرانەکانی سەردەم، چۆنیەتی بەکارهێنانی باشتری زیرەکی دەستکرد لە کایەی ئەدەبیات و کولتووردا، کرا

سەرباری بەشداریکردن لە چالاکیەکانی گوێگرتن لە چەند شاعیرێکی پڕبەرهەمی سکۆتلەندا و حیکایەتخوانان و مۆسیقای ڕەسەنی شارەکە، دەزگا ئەدەبی و کولتوریەکان و دوو زانکۆی شارەکە بەسەرکرانەوە و گفتوگۆ دەربارەی کاریگەریی ئەو نازناوە لەسەر متمانەبەخۆبوون و فراوانکردنی خەیاڵدانی گەنجانی دانیشتووی شاری ئیدنبرە ٢٠ ساڵ دوای نازناوی ئیدنبرە شاری داهێنەری یونسکۆ، کرا