لە پانێڵە پڕ لە گفتوگۆ و بۆچوونە جیاوازەکانەوە تا ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و تێڕوانینە نوێیەکان، ڕۆژی یەکەمی دیدارەکە گرنگیی کۆکردنەوەی دەنگ و بۆچوونی جیاوازەکانی خستەڕوو، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئێستا و داهاتووی بواری کوردناسی.
دیداری کوردناسی سەکۆیەکی نێودەوڵەتی بۆ بواری کوردناسی ساز دەکات. ئەم دیدارە کۆکەرەوەی بیری تۆژەران، شارەزایان و پسپۆڕانی ئەم بوارەیە، تا لە ژینگەیەکی زانستیدا لەسەر مژارەکانی وەک ئەرشیف، داهێنان و پێکبەستنەوەی کایە جیاوازەکان بپیڤن. ئامانجی باڵای ئەم گردبوونەوەیە، خزمەتکردنە بەو دەستکەوتە هزری و زانستییانەی کە پەیوەستن بە هۆش و بیری کوردی بە دیدێکی ڕەخنەگرانە.










