Search
Close this search box.

لە شاری هیلسینکی پایتەختی وڵاتی فینلەندا و لە مەڕاسیمێکدا کتێبێکی شیعری عەبدوڵا پەشێو شاعیری بەناوبانگی کورد بڵاوکرایەوە. کە ژمارەیەک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فینلەندی.

لە مەراسیمەکەدا ژمارەیەک لە نوسەر و شاعیرانی فینلەندی و بیانی هۆنراوەیان خوێندەوە، عەبدوڵا پەشێویش بە خوێندنەوەی هۆنراوەی “سەربازی ون” لە مەراسیمەکەدا بەشداریکرد.


هۆنراوەی سەربازی ون:
کە وەفدێ دەچێتە شوێنێ
بۆ سەر گۆڕی سەربازی ون
تاجەگوڵینەیێک دێنێ
ئەگەر سبەی وەفدێک بێتە وڵاتی من
لێم بپرسێ:
«کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟»
دەڵێم:
گەورەم!
لە کەناری هەر جۆگەیێ
لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێ
لەبەر دەرگەی
هەر ماڵێ هەر کلێسەیێ هەر ئەشکەوتێ
لەسەر گابەردی هەر شاخێ
لەسەر درەختی هەر باخێ
لەم وڵاتە
لەسەر هەر بستە زەمینێ
لەژێر هەر گەزە ئاسمانێ
مەترسە!
کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ