ئەمڕۆ، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بەئامادەبوونی بەڕێز خاتوو نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە، بەشداریکرد لە دیداری ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی چیرۆکی وێنەیی مناڵان (زارا لە ناو قوتووەکەیدا)؛ لە نوسینی بەڕێز خاتوو نەشمیل عەلی بەرزنجیی و، وێنەکێشانی بەڕێز محەمەد عومەر، کە لەلایەن ڕێکخراوی نماخانی بۆ پەرەپێدانی ژینگەو پەروەردە، لە خانەی مناڵانی بەڕێوەبەرێتیی چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانیدا؛ ڕێکخرابوو.
تیایدا بەشێوەی چیرۆکی وێنەیی و گێڕانەوەی هونەریی بەها و بنەما ژینگەییەکان، بە مناڵان ئاشنادەکات.
پارێزگاری سلێمانی؛ پیرۆزبایی و پێزانین و پشتیوانیی خۆی پێشکەشکردن و، سوپاسی بەڕێزان خاتوو ژیار جەلال بەڕێوەبەری چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی و تیمەکەی و، خاتوو نما نازم خانی سەرۆکی ڕێکخراوی نماخانی بۆ پەرەپێدانی ژینگەو پەروەردەو تیمەکەی و نوسەرو وێنەکێش و نەخشەسازو پشتیوانانی ئەم بەرهەمە شایستەیەیکرد.






