ئەمڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، بە ئامادەبوونی بەڕێزان ڕێکخەرو ئەندامانی ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ، پێشوازیکرد لە بەڕێزان نووسەرانی سلێمانی بەشداربوو لە پڕۆژەی هاوبەشی (مەرەکەبتروکێن – ئینکیوبەیتەر)ی شارە ئەدەبیەکانی سلێمانی و مێڵبۆرنی ئوستورالیا، کە کۆبەرهەمی پڕۆژەکە لە دیوانێکی هاوبەشی کورتەچیرۆکدا بە هەردوو زمانی کوردیی و ئینگلیزیی بە پشتیوانیی پارێزگاری سلێمانی چاپکراوە.

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لە گرنگیی پڕۆژەکە و ئاشناکردنی ئەدەبیات و نووسەرانی کورد بە جیهان لەڕێی چالاکییەکانی ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ و پشتگیرییە بەردەوامەکانی پارێزگاری سلێمانییەوە بۆ ناساندن و برەودان بە کلتور و ئەدەب و هونەری کوردیی لە ناوخۆ و بەشەکانی کوردستان و تاراوگەدا، کرا.
ئینکیوبەیتەر (مەرەکەب ترووکێن) پڕۆژەیەکە کە ئۆفیسی سلێمانی شاری ئەدەبی یونسکۆ بە هاوبەشی لەگەڵ “مێڵبۆرن شاری ئەدەبی یونسکۆ” لە ئوستورالیا ئەنجامیداوە، ژوورێکی ڤێرچوەڵە بۆ بەستنەوەی نووسەرانی ئەم دوو شارە بە یەکترەوە، بەسەرپەرشتی شاعیر و شانۆنامەنووسی ئوستورالی “ئێمیلی کۆلیەر” و بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی، کە تێیدا بەشداربووان هونەری داهێنانی کەسایەتییان پێکەوە تاقیکردۆتەوە و شارەکانی خۆیان بۆ هاوتاکانیان خستۆتەڕوو، وەک سەرچاوەی ئیلهام بۆ نووسینی دەقی نوێ و بنیاتنانی پەیوەندیی نوێ.