یەکشەممە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و دکتۆر موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و محەمەد کوردۆ یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و خێزان و بنەماڵەی شەهید مەلا عەلی و هاونیشتمانیان و هاوسەنگەرانی، لە باخی گشتی شاری سلێمانی، پەردە لەسەر پەیکەری شەهید حسێن مەولود ناسراو بە ( شەهید مەلا عەلی ) لادرا.

پەیکەری شەهید مەلا عەلی، لەسەر ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە لایەن هونەرمەندی پەیکەرساز، چێنەر نزارەوە، نەخشێنراوە.

لە مەراسیمەکەدا، وتاری هەریەک لە بنەماڵەی شەهید مەلا عەلی و بۆردی شەهیدانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خوێندرایەوە.

دەربارەی شەهید مەلا عەلی:

ناوی تەواوی (حوسێن مەولوود ئەحمەد)ـە، لە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (بەربەرد)ی سەر بە ناحیەی (ماوەت) لە خێزانێکی هەژار و کوردپەروەر لەدایک بووە.ساڵانی (١٩٦٦-١٩٦٧) چووەتە خوێندنگەی ناوەندی (الوگن) لە سلێمانی، هەر لەم ساڵەدا چووەتە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و (پ.د.ک)ەوە

ساڵانی (١٩٧٥-١٩٧٦) لە زانکۆی سلێمانی – کۆلێژی ئاداب کوردی وەرگیراوە، لە قۆناغی دووەمی کۆلێژ ڕژێمی بەغدا پێی دەزانن، لە (١١-٥ – ١٩٧٧) خۆی گەیاندووەتە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. لە ڕۆژی ٣٠ی یەکی ١٩٧٩ کاتێ بۆ کارێکی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ هەڤاڵ (دکتۆر مارف) عوسمان عەبدوڕەحمان عەسکەری دەچن بۆ گوندەکانی ناوچەی سورداش، لە گوندی (کرژە) دوژمن پێیان دەزانێ و دەسگیریان دەکات. 

دوای لێدان و ئەشکەنجەیێکی زۆر لە ڕۆژی (٦-٦-١٩٧٩) لەو قەسابخانەی ناوی لێنرابوو (هەیئەی خاسەی کەرکووک) بڕیاری لە سێدارە دانی بۆ دەردەچێت، لە شەوی (٢٢/٢٣ی ٧ی ١٩٧٩) لەگەڵ دوو هاوڕێی تری لە سێدارە دەدرێن. زۆربەی شیعرەکانی دیوانە بچکۆڵانەکەی لە ماوەی ئەو مانگ و نیوەی زیندان، لەسەر سیمی پاکەتی جگەرە نووسیوە، کە هێندێکیان ئارەق و چڵک و خوێنیش کاری تێکردوون گوڵئاسا شەمزاندوونی.