ئەمساڵ ٢٤٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی سلێمانییە، شارێک کە بە مێژووی دەوڵەمەند، کولتووری پڕ لە ژیان، میراتی فیکری، و سروشتە دڵڕفێنەکەی ناوبانگی دەرکردووە. لە سەرەتای ئەم مانگەوە چالاکییەکان بەبۆنەی یادی سلێمانییەوە دەستیانپێکردووە و شارەکە بووەتە گۆڕەپانی دەیان چالاکیی کولتووری، هونەری و زانستی و ئابووری و ژینگەیی، ئەمڕۆش هاووڵاتیانی سلێمانی لە بەردەرکی سەرا کۆبوونەوە و چەندین چالاکیی جۆراوجۆر دەکرێن.
شارەکە بە فەرمی لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە دامەزرا، کە پایتەختی میرنشینی بابانی لە قەڵاچوالانەوە گواستەوە بۆ ئەم شوێنە ستراتیژی و زەوییە بەپیتە نوێیە. سلێمانی بە ناوی باوکی ئیبراهیم پاشا، سولەیمان پاشا ناونرا، کە ڕەنگدانەوەی شانازی خێزانی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی حوکمڕانەکانی میرنشینی بابان بوو.
لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، سلێمانی بە خێرایی گەشەی کرد و بوو بە ناوەندێکی زانست، شیعر، و بیری سیاسی، و بوو بە ماڵی زۆرێک لە کاریگەرترین نووسەران و ڕۆشنبیران و کەسایەتییە کولتوورییەکانی کوردستان. بە درێژایی چەندین سەدە سلێمانی ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە داڕشتنی ناسنامەی نوێی کوردیدا – وەک ناوەندێک بۆ ئەدەب، پەروەردە، ڕۆژنامەگەری، و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکان.
ئەمڕۆ سلێمانی بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان ناسراوە و شاری داهێنەری ئەدەبییە لە یونسکۆ. سلێمانی بەردەوامە لە تێکەڵکردنی نەریت و نوێگەری و میراتێک بەردەوامی پێدەدات کە بنەماڵەی بابان زیاتر لە دوو سەدە لەمەوبەر بیریان لێکردووەتەوە.
چالاکییەکانی ئەمڕۆ لە سلێمانی
لە کاتژمێر 10ـی بەیانییەوە لە بەردەرکی سەرا بە بۆنەیەکی کولتووریی سێ ڕۆژە دەستپێدەکات و تاوەکو 10ـی شەو بەردەوام دەبێت. لە بەرزاییەکانی سلێمانی پێشوازی لە پێشانگەی کتێب، فۆتۆ، خواردن، جلوبەرگی کوردەواری و براندە بەناوبانگەکان و چەندین چالاکیی دیکە دەکرێت و ئێوارەکەشی بە کۆنسێرتی هونەرمەند پەیوەند جاف دەڕازێتەوە. لە ماجدی مۆڵیش چەندین چالاکیی دیکە ڕێکخراون و کۆنسێرتی هونەرمەند لوقمان سەلیم بەڕێوەدەچێت.
لە لایەکی دیکەوە، مێژووی شار لە خانووی کولتووریی هاوشاریان لە گەڕەکی شێخانی کۆن دەگێڕدرێتەوە؛ نوسینگەی ئەندازیاریی ‘ڤێرتێکس’ وۆرکشۆپێک لەسەر تەلارسازیی کوردی بە میوانداریی د. کاوە دەستوورە ڕێکدەخات. هەروەها، هیوا فاوندەیشن لە گەلەریی ئازاد شەوقی وەرزی نوێی بەرنامەی منداڵان بە وێنەکێشانی نەخشەی داهاتووی سلێمانی دەستپێدەکات و لە سینەما یەڵماز گونەی لە ئەمنە سوورەکەش، هەفتەفیلمی ئیتاڵی نمایش دەکرێت.
بۆنەکان تەنیا بە یەک ڕۆژ کۆتاییان نایەت
ڕۆژی 15ـی تشرینی دووەم، هەڵمەتی نەمامچاندن لە قوتابخانەکان، ‘کۆڕی گۆیژە’ لە پەیمانگەی نیشتمان بەڕێوەدەچێت، و دیداری زانکۆی سلێمانی بۆ چارەسەر و پاراستنی ئالوودەبووان و چالاکیی هونەریی زیاتر لە 60 ناوەندی پەروەردەیی لە فاملی مۆڵ بەڕێوەدەچن.
ڕۆژی دواتر و لە 16ـی مانگدا، بینەرانی سینەما لە هۆڵی سینەما سالم دەبنە میوانی فیلمی دۆکیۆمێنتاریی (سلێمانی و سیدنی)ـی دەرهێنەر عەتا عوسمان.
لە درێژەی یادەکەدا، سلێمانی لە 17 تاوەکو 19ـی مانگ میوانداریی چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی شێرپەنجە دەکات و لە 18ـی مانگیشدا فێستیڤاڵی شاری بابان بەڕێوەدەچێت. ڕۆژی 21ـی ئەم مانگەش کۆڕبەندی ئاشتیی گەنجان و لە 22ـی تشرینی دووەمدا کۆڕبەندی هاوکاری و وەبەرهێنانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.











