ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شاری دەلهی پایتەختی هیندستاندا، لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمیی ئەنجومەنی هیندیی بۆ پەیوەندییە کولتورییەکان ICCR لە جیهاندا، لە تەلاری سەرەکیی ئەنجومەنەکە، کۆبوونەوەو سیمینارێکی بۆ د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بەئامادەبوونی بەڕێزان دەستەیەکی زۆر لە زاناو پرۆفیسۆرو مامۆستایانی هیند لە زانکۆکانی هیندستان و جیهان و ئەزمونگەرو شارەزاو خاوەنڕاو نوسەرو وەرگێڕو دەستەبژێرانی هیندستان لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهاندا، بەڕێوەبرد. کۆبوونەوەکە لەلایەن سکرتاریەتی ئەنجومەنی هیندیی بۆ پەیوەندییە کولتورییەکان، بەئامادەبوونی کەناڵە مێدیاییە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو. سەرەتا سکرتێری ئەنجومەنەکەو نوێنەری زاناو دەستەبژێرانی هیندو ئەندامانی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنەکە چەند کورتەیەکیان لەسەر ژیان و کارو بەرنامەو ستراتیژی پارێزگاری سلێمانی و پارێزگای سلێمانی خستەڕوو.پارێزگاری سلێمانی، لە سیمینارەکەیدا، لەسەر بایەخی کولتور لە تێپەڕاندنی سەرگەردانیی و شەڕو خۆپەرستیی و نائارامیی و نەهامەتیەکانی ئێستای جیهان و ناوچەکەدا بەوردیی خستەڕوو، چارەسەرە گونجاوەکانی لەڕێی پەروەردەو کولتورو خزمەتکردنی مرۆڤایەتییەوە پێشکەش کرد، جەختی لەسەر ئاشتیی و ئارامیی و ئاوەدانیی و لێبوردن و پێکەوەژیان و کارکردن و یەکترتەواوکردن کرد. دواتر لە ڕەوتی ئەدەبیی و هونەریی و کولتوریی سلێمانی و کوردستان دوا. گفتوگۆی زانستیانەو وردبینانەو ئەزمونگەرانەی بەرپەرسیارانە لەلایەن هەموو بەشداربووانەوە کراو جگە لە پێشکەشکردنی بەرهەم و کتێب و توێژینەوەو خەڵاتەکانی ئەنجومەنی هیندیی بۆ پەیوەندییە کولتورییەکان و بەشداربووانی بێنەزیر؛ بە پارێزگاری سلێمانی، بەکۆی ڕاو هەڵسەنگاندنی ئەنجومەنەکەو بەشداربووان، نازناوی (باڵیۆزی موحیببەت) لەپای هەوڵە نەرم و ئینسانیی و کولتورییەکانی بۆ بەیەکگەیاندنی گەلان و تێپەڕاندنی جیاوازییەکان و کارکردن لەسەر یەکتر قبوڵکردن، بەخشیە پارێزگاری سلێمانی.پارێزگاری سلێمانی سوپاس و پێزانینی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی پێشکەش بە ئامادەبووانی بەڕێزو خەڵک و حکومەتی هیندستان کرد.