بەختیار عەلی، نوسەرو رۆماننوسی كورد دوێنێ لە ئەڵمانیا خەڵاتی (هێلدا دۆمین)ى ئەڵمانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێ بەخشرا. خەڵاتەکە تایبەتە بەو نووسەرانەی تاراوگە کە لە ئەڵمانیا بابەتی ئەدەبی دەنووسن و بڵاودەکەنەوە. خەڵاتەکە لەلایەن دامەزراوەی (هێلدا دۆمین)ەوە دابین دەکرێت و سێ ساڵ جارێک دەبەخشرێتە نووسەرێکی ئەدەبی

پاش وەرگرتنی خەڵاتی نیلی زاکس لە ساڵی ٢٠١٧، ئەمە دووەمین خەڵاتی گرنگە کە نووسەر بەختیار عەلی وەریدەگرێت. خەڵاتەکە بە ناوی هێلدا دۆمینە کە بە دایکی پەخشانە شیعری ئەڵمانی و یەکێک لە ناسراوترین شاعیرەکانی سەدەی بیستەمی ئەو وڵاتە دادەنرێت. هێلدا دۆمین خۆی لە ساڵی ١٩٩٢یەکەمین براوەی خەڵاتەکە بووە

بەختیار عەلی، لە ١٩٦٠ لە سلێمانی لە دایکبووە. رۆماننووس، شاعیر و رۆشنبیری کوردە، لە ١٩٩٤ کوردستانی جێهێشتووە و رووی لە ئەوروپا کردووە، یەکەم رۆمانی بەناوی “مەرگی تاقانەی دووەم” لە ١٩٩٧ بڵاوکردووەتەوە

بەناوی ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبی یونسکۆوە؛ پیرۆزبایی و پێزانین و پشتیوانیی خۆمان پێشکەش بە نوسەری بەڕێزو ئازیز بەهرەمەندی شارو نیشتمانەکەمان و مرۆڤایەتیی؛ بەختیار عەلی دەکەین، کە سەرکەوتووانەو شایستانە خەڵاتی هێلدا دۆمین_ی لە شاری هایدلبێرگی ئەڵمانیا، کە شاری داهێنەری هاوتای شاری سلێمانیی ئەڵمانیایە لە یونسکۆ؛ پێبەخشرا.وەک هەمیشە؛ هیوای پایەی بەرزو بڵندی بەردەوامی داهێنانی ئەدەبیی بۆ دەخوازین