ئەمڕۆ ٧-٣-٢٠٢٤، لە زانکۆی ئەمریکی لە عیراق – سلێمانی، بە ئامادەبوونی ئەندازیار شەماڵ ئەبوبەکر ڕێکخەری ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ و بەڕێزان سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی و بەڕێوەبەرانی بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین و گروپی کەشکۆڵ، ڕێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین و گروپی کەشکۆڵ ئەنجامدرا، کە لەماوەی رابردوودا گروپی کەشکۆڵ پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردن و دیجیتاڵکردنی دۆکیومێنت و سەرچاوەکانی بنکەی ژینی جێبەجێکردووە.لە ڕێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی و بەڕێوەبەرانی بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین و گروپی کەشکۆڵ، سوپاسی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانییان کرد، لەبەرامبەر پشتیوانیکردن و هەماهەنگیی و کاری هاوبەش و بەردەوام لەنێوانیاندا.ڕێکخەری ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ سوپاس و پشتیوانیی خۆی و پارێزگاری سلێمانی بۆ دووپاتکردنەوە.