ڕۆژانی ٣ تا ٧ی شوباتی ٢٠٢٤، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و ئەندازیار شەماڵ ئەبوبەکر ڕێکخەری ژووری داهێنەری سلێمانی بۆ ئەدەب لە یونسکۆو بە چاودێریی و ئامادەبوونی بەڕێزان خاوەنشکۆ ئەمیر سعود بن نایف بن عەبدولعەزیز ئەمیری ناوچە خۆرهەڵاتییەکانی شانشینی سعودیەو خاوەنشکۆ ئەمیر سعود بن تەلال بن بەدر پارێزگاری پارێزگای ئەحسا (گەورەترین پارێزگای سعودیە)، لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمیی بەڕێزان ئەندازیار عیسام بن عەبدوللەتیف ئەلمولا ئەمینداری شاری ئەحسای شانشینی سعودیەو بەبەشداریی دکتۆر ئیبراهیم ئەلشبیت ڕێکخەری شاری داهێنەری ئەحسا بۆ کاری دەستیی لە یونسکۆ، هاوڕێ لەگەڵ بەڕێزان عارف مەحمود ئەلرواجيح سەرۆکی شارەوانیی پارێزگای مادبای کوبرای شانشینی ئوردن و ڕێکخەری شاری داهێنەری مادەبا بۆ کاری مۆزایک لە یونسکۆو نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیریی سعودیە، بەشدارییانکرد لە چالاکییەکانی پارێزگای ئەحسا بۆ کاری دەست و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئەحسا بۆ پەرەپێدان و بەبازاڕکردنی پیشەسازیی خورما

لەم دیدارانەدا لەگەڵ بەڕێزان ئەمینداری پارێزگای ئەحساو لایەنە پەیوەندیدارەکانی تردا کۆبوونەوەو لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشیان لەگەڵ هەر یەک لە شارەکانی ئەحساو مادەبادا گەڵاڵەکرد بۆ سودوەرگرتن لە ئەزمونیی یەکترو ئاڵوگۆڕکردنی تواناکان و دەرفەتی خوێندن و ڕاهێنانی پیشەیی بێبەرامبەر بۆ خوازیارانی پارێزگای سلێمانی و کوردستان لە سعودیەو ئوردن و پەرەپێدانی پیشەیی و بەرهەمەکان و گەشتیاریی و پشتیوانیکردنی یەکتر لە تۆڕی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆو ڕێکخراوی شارەکانی وڵاتانی عەرەب کە سلێمانی ئەندامی کارایە تیایاندا