Search
Close this search box.

بە هەماهەنگیی ئۆفیسەکانی هەردوو شاری ئەدەبی یونسکۆ، سلێمانی و نۆتینگهام، سێ قوتابی کۆمەڵگەی پەروەردەیی نێودەوڵەتی سلێمانی بە فەرمی هەڵبژێردران بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەی نێودەوڵەتی (گفتوگۆی شاران)دا، کە لەلایەن بۆردی ڕاوێژکاری گەنجانی شاری نۆتینگهامی بەریتانیەوە ڕێکخراوە، و کۆمەڵێک گەنجی داهێنەر لە سەرانسەری جیهان کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕێکی کلتووری و ئەدەبی بێوێنە.
پڕۆژەکە ٧٥ بەشداربوو لە ١٥ شار و ١٢ وڵاتی جیاوازەوە کۆدەکاتەوە. هەریەکە لە قوتابیان پارسا ڕۆستەم عەلی ، و لانۆ سامان سەلام ، و پروشە شەپۆل فەریق، وەک نوێنەری شاری سلێمانی لە ناو ئەم گروپە نێودەوڵەتییەدا بەشداردەبن. وەرگرتنی ئەم قوتابییانە نیشانەی ئاستی بەرزی زانستی و داهێنانی ناوەندە پەروەردەییەکەیانە و پێگەی سلێمانی وەک شارێکی داهێنەری ئەدەبی لە جیهاندا بەهێزتر دەکات.
پڕۆژەکە، لە ڕێگەی نامەی دەستنووسەوە بەشداربووان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە تێیدا ناسنامەی خۆیان و مێژووی شارەکەیان لە گفتوگۆیەکی جیهانیدا پێشکەش دەکەن، و میراتی کلتووریی دەوڵەمەندی سلێمانی بە شارەکانی تری جیهان دەناسێنن.