یەکەم ڕۆمانی چالاکی بواری جینۆساید و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیی بەڕێز یوست هیڵترمان بەناوی (زیندووبووەوەکان – The Resurrected)، بڵاوکرایەوە. ئەم ڕۆمانە لەسەر ئەرکی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بە زمانی ئینگلیزیی لە شاری لەندەن لەلایەن ئەفسانەپرێسەوە، چاپکراوە.

یوست هیڵترمان یەکێکە لە سەرەکیترین توێژەرانی بواری جینۆسایدی کوردانی عیراق لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی چاودێری مافەکانی مرۆڤHuman Rights Watch و، توانیویەتی لە خەیاڵدانی خۆیەوە دووبارە دۆسیەی جینۆسایدی کوردەکان لە شێوەی ڕۆمانێکدا دابڕێژێتەوە. ناوبراو لەماوەی ڕابردووەوە تا ئێستا بەبەردەوامیی لە پەیوەندیی ڕاستەقینەدا ماوەتەوە لەگەڵ ڕزگاربووانی جینۆسایدی کورددا و چەندین توێژینەوەی لەوبارەیەوە ئەنجامداوە.

ناونیشانی ئەم ڕۆمانە تەکنیکێکی ئەدەبیی قووڵە و لە وشەی زیندووبوونەوە (بەعس)وە وەرگیراوە، وەک تەحەدایەک بۆ رژێمی بەعسی ئەنجامدەری جینۆساید دژ بە گەلی کورد، کە دواجار نەتەوەی کورد نەک لەناونەچوون بەڵکو زیندووبوونەوە (بەعس) و هەستانەوەی خۆی، و مردنی رژێمێکیان بینی کە خۆی ناونابوو حیزبی زیندووبوونەوەی عەرەبی ئیشتراکی. کورد زیندووبوویەوە و ئەوانیش لەناوچوون.