٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، نووسینگەی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبی  یونسکۆ، بە شێوەیەکی ئۆنلاین بەشداری لە (کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئەدەبیی وۆنجوو ٢٠٢٦) کرد، کە لە  کۆریای باشوور و لەژێر دروشمی:
(ئەدەب شارەکان بنیات دەنێت: ئەزموونەکان و داهاتووی شارەکانی ئەدەبی یونسکۆ) بەڕێوەچوو.

کۆڕبەندەکە بە بۆنەی دیاریکردنی ساڵی ٢٠٢٦ وەک ساڵی کتێبی ئەدەبی لە کۆریای باشوور ڕێکخرابوو، کە تیایدا نوێنەرانی شارەکانی ئەدەبی سەر بە یونسکۆ، نووسەران، توێژەران و دامەزراوە کولتوورییەکان لە سەرتاسەری جیهانەوە کۆبوونەوە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی کاریگەریی ئەدەب لەسەر داڕشتن و پێکهێنانی ناسنامەی شار و کۆمەڵگەکان.

لە میانەی دانیشتنەکانی کۆڕبەندەکەدا، تیشک خرایە سەر چەندین تەوەری گرنگ، لەوانە:

کاریگەریی ژیانی شار و ژینگەی شارنشینی لەسەر داهێنانی ئەدەبی.

بەشداریپێکردن و هاندانی منداڵان لە ڕێگەی ئەدەبەوە، بە جەختکردنەوە لەسەر ڕەنگدانەوەی هونەری و داهێنەرانەی منداڵان سەبارەت بە ژیانی شار.

برەودان بە ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی و هاوبەشکردنی باشترین ئەزموونەکان لە سەرتاسەری تۆڕی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ (UCCN).

ئۆفیسی سلێمانی سوپاس و پێزانینی گەرمی خۆی ئاراستەی وۆنجوو شاری ئەدەبیی یونسکۆ کرد بۆ میوانداریکردنی ئەم پلاتفۆرمە پڕ لە ئیلهامە کە تەرخان کرابوو بۆ دیالۆگ، کاری هاوبەش و داهاتووی شارە ئەدەبییەکان.