دوێنێ، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی؛ بەشداریکرد لە دیداری ڕێزلێنان لە دەستپێشخەرییەکی گرنگی پاراستنی دەستنووسەکان لە سلێمانی؛ وەک شانازییەکی تری پارێزگای سلێمانی لە بواری کلتورو فەرهەنگ و دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکاندا، کەلەلایەن ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کلتور بە ئامادەبوونی کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر خاتوو هۆڵی ڤێیرو، کەسایەتییە حکومیی و سیاسیی و فەرهەنگیی و ئەکادیمییەکان، ڕێکخرابوو.
لە وتەیەکدا پارێزگاری سلێمانی، بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پیرۆزبایی و پێزانین و پشتیوانیی خۆی پێشکەش بە بەڕێزان باراڤ بارزانی سەرۆک و دامەزرێنەری ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کلتورو، محەمەد فاتیح بەڕێوەبەری پرۆژەکانی ناوەندی کوردستان بۆ هونەرو کلتورو تیمەکەیان و، زانکۆی ئێگزیتەری شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا و، بەڕێوەبەرێتی گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای سلێمانی و، بەڕێوەبەرێتی ئەوقافی سلێمانی و، بەڕێوەبەرێتی کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی کرد، کە وەک تیمێکی هاوبەشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی، لەسەر پێشنیازی پارێزگاری سلێمانی لە ٣ی تەمموزی ٢٠٢٥دا بۆ ناوەندی کوردستان بۆ هونەرو کلتور، توانیان فریادڕەسانە بە گیانێکی بەرپرسیارێتیی بەرزەوە ئەم پڕۆژەیە پەسەند بکەن و کاربکەن بۆ بە دیجیتاڵکردنی دەستنووس و چاپکراو و نووسراو و کتێبەکانی کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، کە یەکێکە لە گەنجینە دەوڵەمەندەکانی ئەرشیفی دەستنووس و نووسراوەکان لە ناوچەکەو جیهاندا.
دواجار بە کاری هاوبەشی بەڕێوەبەرێتی کتێبخانەی ئەوقاف و، زانکۆی ئێگزیتەرو، دامەزراوەی (ئەرکادیا)و، بەرنامەی ئەرشیفە مەترسیلەسەرەکانی کتێبخانەی بەریتانیا، توانیویانە تا ئەم ساتە بنکۆڵکاریی لە ٤ هەزار و حەفتا سەرچاوەدا بکەن و (مێتاداتا)یان وەربگرن و، ٢٠٠ سەرچاوەیان بە ئینگلیزیی و کوردیی بخەنە کتێبخانەی بەریتانیا و تیایدا دەرفەتی گەڕان و لێکۆڵینەوە بۆ هەمووان بڕەخسێنن، بەمەش زمان و سەرچاوە نیشتمانییەکانی کورد لە یەکێک لە دیارترین کتێبخانەکانی دنیادا دانیپێدابنرێت و بەدیجیتاڵیی بەردەستبێت، ئەمەش بە شانازیی و بەشداریی و نازناوێکی تری دەزانرێت بۆ کوردستان و بەتایبەتتر بۆ سلێمانی، هیوای خواست سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە، پرد و پەیوەندیی و متمانەی پیشەیی و ئەزمونگەرێتی و زانستیی نێوانمانی بەهێزتر کردبێت و دەروازەیەکی کارابێت بۆ پڕۆژەی تری هاوشێوە لە بواری کلتورو ئابوریی و بایەخدان بە ڕەسەنایەتیی و شوێنەوار و شارستانیەتی ناوچەکە؛ وەک بەشێکی بەهاداری مێژوو و ئێستا و ئایندەی مرۆڤایەتیی.
دواجار ڕۆڵی هەموو بەشداربووان بەتایبەتیی بەڕێزان د.سەباح بەرزنجیی و د.بوشرا کەسنەزانیی و تیم و هاوکارەکانیان بەرزنرخاند، کە زیاتر لە ١٣ مانگە کاری مکوڕانە و بنکۆڵکاریی تەواو لە سەرچاوەکاندا دەکەن و تائێستا ٤ هەزار و حەفتا سەرچاوەیان بە کوردیی و ئینگلیزیی پێڕست کردووە. کارمەندانی کتێبخانەی ئەوقافیش، بەهاوکاریی تەکنیکیی و ڕاهێنانی ناوەندی کوردستان بۆ هونەرو کلتور، توانیویانە نزیکەی ١٠٠٠ سەرچاوە بۆ کتێبخانەکە بەدیجیتاڵ بکەن.
هەروەها سوپاسی هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێزان خاتوو کەوسەر قادر بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی و تیمەکەی و توێژەر و ئەندازیار شەماڵ ئەبوبەکر ڕێکخەری ئۆفیسی سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ و تیمەکەیانی کرد.






