مۆزەخانەی سلێمانی کە لە ساڵی (١٩٦١) دامەزراوە، دووەم گەورەترین مۆزەخانەی شوێنەوارییە لە عێراقدا لە دوای مۆزەخانەی نیشتمانی بەغداد. ئەم شوێنە وێستگەیەکی سەرەکییە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت لە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی شارستانیەت لە میزۆپۆتامیا و زنجیرە چیاکانی زاگرۆس تێبگات. مۆزەخانەکە هەزاران پارچەی شوێنەواری تێدایە کە مێژووەکەیان لە سەردەمی بەردینەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتاییەکانی سەردەمی ئیسلامی. کۆکراوەکانی ئەم مۆزەخانەیە ناوبانگی جیهانییان هەیە، لەوانە پارچە دەگمەنەکانی سەردەمی سۆمەری، ئەکەدی، بابلی و ئاشووری، لەگەڵ دۆزراوە گرنگەکانی سەردەمی ساسانی.
یەکێک لە پڕبایەخترین شاکارەکانی ئەم مۆزەخانەیە، ئەو تابلێتە قووڕینەیە کە بەشێکی گرنگی “داستانی گلگامێش”ی تێدا تۆمارکراوە و بووە هۆی تەواوکردنی بەشە ونبووەکانی ئەو داستانە جیهانییە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، مۆزەخانەکە بە هاوکاری دەزگا نێودەوڵەتییەکانی وەک یونسکۆ و مۆزەخانەی بەریتانی نوێکراوەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان بگونجێت. مۆزەخانەی سلێمانی تەنیا شوێنی نمایشکردنی کەلوپەلی کۆن نییە، بەڵکو ناوەندێکی توێژینەوەیە بۆ شوێنەوارناسان لە سەرانسەری جیهان.
ژمارە:0533200609
ئیمەیڵ:info@slemanimuseum.org






