مێژووى کتێبخانەى گشتیی سلێمانى لە چلەکانى سەدەى ڕابردوودا پیرەمێردى شاعیر و ڕۆژنامەنووسى گەورە، لە ڕۆژنامەى (ژیان)ى خۆیدا ڕووى دەمى دەکاتە بەرپرسانى ئەو سەردەمە و دەڵێت: ((سەعادەتى متصرف بۆ هەندێ کاروبارى دیوانى خۆى چووە بۆ پایتەخت … وەکو بیستومانە بۆ ئەعمارى مەملەکەتەکەمان مساعدەى زۆر کراوە، ئینشاڵڵا ئاثارى شیرین و ڕەنگین ئەبینین، ئاخ، خۆزگە کتێبخانەیەکى بە ئاثارى خەیرییە بۆ بەرهەم دەهێناین و غیراى ڕۆحمان ئەبوو )) ژیان ژ / ٥٥٢ ، ٣ / ٣/ ١٩٣٨ .
هەروەها، لە ڕۆژنامەى (ژین) دا لە ٢٠ / ١٠ / ١٩٤٤ هەر لەلایەن پیرەمێردەوە بە ناوى (مزگێنى) هەواڵى کردنەوەى کتێبخانەى گشتیی سلێمانى بەمجۆرە خراوەتە بەرچاو (( ئەمڕۆ لە مەقامى متصرفیەتەوە دەعوەتنامەیەکمان وەرگرت، مژدەى ئەمەى تیابوو کە ئەم ڕۆژەى جومعیە، کتێبخانەى مەعاریف ئەکرێتەوە، من بەش بە حاڵى خۆم ئەم کتیبخانەیەم لە سێ مەکتەبی بڵند پێ خۆشتر بوو، چونکە بەراوردم کردوەو لە زۆر کەسیشم بیستوە، خوێندنەوە لە خوێندن کەڵکى زۆرترە.))
لە پێشدا کتێبخانەى گشتیی کەسەر بە ((مەعاریف)) بووە، لە گەڕەکى سابونکەران دامەزراوەو پاشان گواستراوەتەوە بۆ گەڕەکى شێخان و دواتر براوەتە شەقامى پیرەمێرد نزیک نەخشخانەى گەورە، پاشان لە ساڵى ١٩٥٦ دا بینایەکى نوێى بەرامبەر مزگەوتى گەورە بۆ دروستکراوە و دواتر لە ساڵى ١٩٦٥ دا ئەم جێگایەى ئێستاى لە شەقامى سالم بۆ هەڵبژیردراوە و کراوەتە کتێبخانەو تاوەکو دەگات بەئێستا لە ڕووى فراوانکردن و نوێژەنکردنەوە گۆڕانى بەسەردا هاتووە .
سەرەتا کتێبخانە گشتییەکان سەر بە پەروەردە بوون، پاشان خراونەتە سەر کارگێڕێى خۆجێیەتى (ئیدارەى محەللى) و ئەمیندارى کتێبخانەیان هەبووە و سەر بە بەڕێوەبەرێتى کتێبخانە گشتییەکانى پارێزگا بوون و پاشان ڕاپەڕین دوای کۆششى زۆرمان لەڕێى بەڕێزان شاعیرى گەورە سێرکۆ بێکەس و مامۆستا جمال عبدول هەردوو وەزیرى ڕۆشنبیریی نەوەدەکان بوون، کتێبخانە گشتییەکان گواسترانەوە بۆ سەر وەزارەتى ڕۆشنبیرى هەرێم و بەڕێوەبەرێتییەکى گشتیی بۆ کتێبخانەکان دامەزراوە ئەمیندارى کتێبخانەى گشتیی سلێمانى لە ساڵى ١٩٩٦ دا بووە بە بەڕێوەبەرو بۆ یەکەمجار بووە بەڕێوەبەرایەتى کتێبخانەى گشتیی شارۆچکەکانى پێوە بەسترایەوە .پێویستە وەک ئەمەکدارى بۆ ئەمینداران و بەڕێوەبەرانى کتێبخانەکە، ئاماژە بۆ ناوى هەریەک لەو بەڕێزانە بکەین کەلەساڵى ١٩٤٤ وە تا دەگات بە ئێستا کەم تا زۆر ڕۆڵیان هەبووە لەبەڕێوەبردنى کتێبخانەى گشتیی سلێمانیدا، ئەوانیش بریتین لە بەڕێزان :
أ .ب . هەورى،موحەڕەم محەمەد ئەمین،شەوکەت محەمەد قادر،فەوزى ڕەشید،قادر محەمەد ساڵح
،محەمەد عجێل، عەبدولکەریم عارف ئەحمەد،مەحمود ئەحمەد،عەبدوڵڵا عەبدولکەریم عەللاف،یاسین قادر بەرزنجى، ئاواز عەتا ساڵح ( بەوەکالەت ) ،عومەر عوبێد عبدولقادر ( ئارى بابان )،محەمەد عەزیز خالید، ئالان محەمەد ڕەئوف. کە تا ئیستا بەردەوامە .
ژمارە: ٠٥٣٣٢٠٥٥٧٨
ئیمەیڵ: Slemanylibrary@gmail.com







