سلێمانی؛ لە کۆنفرانسی ساڵانەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیهاندا، لە شاری کوبێکی کەنەدادا؛ – وەک یەکێک لە شارە سەرکەوتوو دەرکەوتووەکانی ئەم بوارە لە جیهاندا؛ ناسێنرا.. – لەگەڵ هەر یەک لە شارەکانی سیاتڵ لە ئەمریکاو ئیدنبرە لە سکۆتلاندەدا؛ لە بواری باش بەڕێوەبردن و چالاکییەکاندا؛ بوونە نمونەی شایستەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان..ڕۆژانی ٩ هەتا ١٣ی ئەم مانگە، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی هاوڕێ لەگەڵ بەڕێز شەماڵ ئەبوبەکر ڕێکخەری خۆبەخشی ژوری سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبی یونسکۆ، لەسەر بانگهێشت و میوانداریی فەرمیی تۆڕی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیهانداو و ڕێکخەری شاری داهێنەری ئەدەبی یونسکۆ لە شاری کوبێکی وڵاتی کەنەدادا، بەشدارییانکرد لە کۆنفرانسی ساڵانەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیهاندا، لە شاری کوبێکی کەنەدادا.کۆنفرانسەکە؛ شاری سلێمانی وەک یەکێک لە شارە سەرکەوتوو دەرکەوتووەکانی ئەم بوارە لە جیهاندا؛ ناساند، سلێمانی لەگەڵ هەر یەک لە شارەکانی سیاتڵ لە ئەمریکاو ئیدنبرە لە سکۆتلاندەدا؛ لە بواری باش بەڕێوەبردن و چالاکییەکاندا؛ بوونە نمونەی شایستەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان و لە ڕۆژی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا ئەزمونی خۆیان پێشکەش بە شارە بەشداربووەکان کرد.پارێزگاری سلێمانی؛ بەوردی لە کارو چالاکییەکان و لە کردنەوەی کتێبخانەی ئەدەبی نێودەوڵەتیی لە دیوانی پارێزگاو پلانی ئایندەی ژورەکە دواو پاکێجێکی چەند کتێبیی کوردیی وەرگێڕاو بۆ ئینگلیزیی لەسەر ئەرکی کەسیی پارێزگارو کورتەیەکی چاپکراو لەسەر پارێزگای سلێمانی؛ پێشکەش بە بەڕێزان جۆن کینیەن سەرۆکی تۆڕی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان و ڕێکخەری شاری ئایاوای ئەمریکاو خاتوو کاترین لێفغانچۆی ڕێکخەری شاری کۆبیک و هەموو شارە بەشداربووەکانی کۆنفرانسەکە کرد، کە پێکهاتبوون لە: (ئەنگولێم (فەرەنسا)، بەرشەلۆنە (ئیسپانیا)، بەیروت (لوبنان)، بوچان (کۆریای باشور)، دوبلن ( ئیرلەندا)، دونەدین (نیوزلاندە)، دوربان (باشوری ئەفریقا)، ئیدنبرە (سکۆتلاندە)، ئێکزیتەر (بەریتانیا)، یۆتۆبۆری (سوید)، هایدلبێرگ (ئەڵمانیا)، ئایاوا (ئەمریکا)، جاکاتا (ئەندەنوسیا)، کراکۆڤ (پۆڵندا)، کومۆ (فنلەندا)، لیوواردن (هۆڵندا)، لیلهامەر (نەرویج)، لوبیانا (سلۆڤینیا)، لڤیڤ ( ئۆکرانیا)، مانچستەر (بەریتانیا)، مێڵبۆرن (ئوسترالیا)، میلان (ئیتاڵیا)، نانجین (چین)، نۆرویک (بەریتانیا)، نۆتنهام (بەریتانیا)، ئۆدێسا (ئۆکرانیا)، پراگ (چیک)، کوبێک (کەنەدا)، ڕەیکیاڤێک (ئیسلاندە)، سیاتڵ (ئەمریکا)، سلێمانی (هەرێمی کوردستانی عیراق)، تارتو (ئیستۆنیا)، ڤیڵنیەس ( لیتوانیا)، وانژو (کۆریای باشور).لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، لەسەر پێشنیازی بەڕێز خاتوو کاترین ڤالری ڕۆلاند جێگری پارێزگاری کوبێک و هەڵبژێردراوی فەرمیی بەرپرس لە کولتورو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ پارێزگای کوبێکدا کۆبوینەوەو گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە کولتوریی و ئەدەبییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا کرا، خەڵاتی تایبەتیی پارێزگاری سلێمانی کە بەشێوەیەکی شایستە لەلایەن ژنە بەهرەمەندی سلێمانی و کوردستان خاتوو شاناز جەمالەوە چنرابوو؛ پێشکەش بە پارێزگای کەبێک کرا.سەردانی چەندین شوێن و شوێنەوارو ناوەندیی کولتوریی و ئایینیی و و ئەدەبیی و زمانەوانیی و هونەریی و بەڕێوەبردن و کتێبخانەو چالاکییە کلتورییەکانی شارەکانی کوبێک و مۆنتریاڵ کرا.ژوری سلێمانی بە یەکێک لە چالاکترین و پڕ پەیوەندیترین ژوری تۆڕەکە ناسێنرا، کە توانیویەتی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە بە شێوەگەلێکی زۆر باش کاربکات و کاری هاوبەش لەگەڵ زۆربەی ژورەکانی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان ڕێکبخات، هەروەها سەرۆکایەتیی دیداری ڕۆژی وەرگێڕانی ناو کۆنفرانسەکە بکات، جگە لە بەشدارییە بەردەوامەکانی لە هەموو ڕۆژەکانی کۆنفرانسەکەدا. لە کۆنفرانسەکەدا پارێزگاری سلێمانی و ڕێکخەری ژوری داهێنانی ئەدەبیی؛ بەوردیی لە پشتیوانیی و بەشداریی و ڕۆڵی بەڕێوەبەرێتیی ڕۆشنبیریی و هونەری پارێزگای سلێمانی و وزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان و گروپی کەشکۆڵی زانکۆی ئەمریکیی لە عیراق؛ سلێمانی و نوسەرو هونەرمەندان و کەسایەتیی و دەستەبژێرو دامەزراوە ئەدەبیی و کلتورییەکان و زانکۆکان و دامودەزگا حکومییەکان و کەرتی تایبەت و ڕەوەندی کوردیی و ڕێکخراوەکان و مێدیاو کتێبخانەو ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە؛ دوان.ئامانجە بەردەوامەکانی پارێزگاری سلێمانی کە بریتین لە پەروەردەو کولتورو ژینگەو ئابوریی، خرانەڕوو، جەختی لەسەر پەرەپێدانی سیاسەتی کولتوریی و ئەدەبیی لە دامەزراوە گشتیی و تایبەت و کەسییەکاندا کردەوە.سلێمانی؛ تەنها شاری کوردستان و عیراق و ناوچەکەبوو، کە بەشداریی لەم دیدارە جیهانییەدا کردو بەرهەم و کایەی ئەدەب و کولتوری کوردستانی خستە سەر نەخشەو ناو کارنامەی ڕێکخراوی یونسکۆو هەموو جیهانەوە.ڕێکخراوی یونسکۆ؛ بەپێی چەند مەرج و پێوەرو داواکاریی و بنەمایەکی نێودەوڵەتیی؛ تەنها نازناوەکە بە شارێک دەبەخشێت بەبێ هیچ پشتیوانیی و کۆمەکێکی دارایی و ماڵیی، هەموو خەرجیی و ئەرکە دارایی و ماڵییەکان دەکەوێتە سەر خودی شارەکە خۆی و، سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ئەم نازناوەی وەرگرتووەو پارێزگاری سلێمانی هەموو ئەرکە کارگێڕیی و دارایی و ماڵییەکانی لەلایەن ستافێکی کارای خۆبەخشەوە؛ بەڕێوەدەبات.لە ئێستادا ئەم نازناوە بۆ سلێمانی جێگیرکراوەو سلێمانی وەک شارێکی کاراو داوەرو هەڵسەنگێنەر بۆ شارە نوێکان و کاروباری تۆڕەکە لە سەر ئاستی جیهان؛ دیاریکراوە.سلێمانی؛ هەمیشە داهێنان..