ئۆفیسی سلێمانی شاری ئەدەبی یونسکۆ بەشداریی پرۆژەیەکی شیعریی ئۆفیسی ئۆدێسا شاری ئەدەبی یونسکۆ دەکات، بە ناردنی هەڵبژاردەی شیعری سێ شاعیری کورد (ڕەنج سەنگاوی، زوڵەیخا کەریم، ڕێباز مەحمود) بۆ ئەم پڕۆژە ئەدەبیە، کە چەندین شاری ئەندام لە تۆڕی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ تێیدا بەشداربوون. پڕۆژەکە بریتیە لە ڤیدیۆی خوێندنەوەی بەرهەمێکی شیعریی بە زمانی دایک، کە لە ڕێی بڕۆشۆرێکەوە بە شێوەی نوسراو و هەروەها لە ڕێی QR کۆد و بە ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت کە بە مۆبایل سکان دەکرێت ڕاستەوخۆ ڤیدیۆکە دەکرێتەوە و شاعیرانی بەشدار بە زمانی دایک شیعرە هەڵبژاردەکانیان دەخوێننەوە.

لە خوارەوە شیعر و شاعیرانی بەشداری کورد لەم پڕۆژەیەدا بەردەستە، و لە ڕێگای لینکەکانیشەوە دەتوانن بینەری ڤیدیۆی خوێندنەوەی شیعرەکان بن.

١- ڕەنج سەنگاوی (ئەم شارە)

ئەم سەردەمە کوا سەردەمی مۆسیقایە

کوا شیعری تیا ئەنوسرێت

وا باشترە وشەکانم کۆبکەمەوە بۆ وەسێت

تا ژیان ئەدا لە دەرگات

بە ھەزاران جار مەرگ دێت

من شیعر بۆ کێ بنوسم

کوا دیوار گوێی ھەیە

درۆ بوو

ئەو سەردەمەی ئەو قسانەشی تیا کرا

نغرۆ بوو

چەن ساڵە من ئەژیم

نە لادێ ھیچی بیست نە شاریش

خۆ نە دار گوێی ھەبوو جارێ نە دیواریش

ئێمە ھەموومان کانی بووین

گۆم پەرستان مەنگیان کردین

ئێمە پڕ بووین لە ڕستەی جوان

بەڵام وا بێدەنگیان کردین

زۆر شەوانە بۆ ماڵی خۆمان ئەگەرێم

 لە گوگڵدا

کە گەورە بووم بزرم کرد

لە ناو دڵدا

ئێستا ئێمە

یەک ڕیشەی زمانمان هەیە و

لە یەک ناگەین

لە یەک شەقام، بەرەو ڕووی

یەکتر ئەڕۆین و

بە یەک ناگەین

دەستمان بۆ ناو گیرفانمانە نەک

بۆ سڵاو

بۆگەن بە یەکا ئەڕژێنین، نەکو گوڵاو

لینک:https://youtu.be/MTYKVYqU1LU

٢- زوڵەیخا کەریم (دڵت چەندی ماوە بۆ سەرڕێژبوون؟)

هەموو سەفەری گەڕانەوەکانم بۆ ڕەگی خۆم خەمگین نین

لەناو دڵمدا، ڕووناکییەک هەیە لە ئاگر سورتر دەگڕێت

لە خەونەکانمدا کۆڵانی دڵخۆش و سادەش هەن

دەمەوێ ڕووناکیی ئەم کۆڵانانە بگێڕمەوە.

چنگ بە ئازایەتییدا دەکەم و ڕێگای خۆم دروستدەکەم

ڕێگایەکی دوورودرێژ هەندێجار لە بینینێکی کورتەوە دەست پێدەکات،

بینینی جوانییەکی چەپەک.

من دەڕۆم، ئەوکاتەی هەمووان وەستاون،

دەگەڕێمەوە، ئەوکاتەی هەمووان دەڕۆن.

دڵی جەنگاوەرم پڕمدەکات لە هێزێکی وێرانکەر و دەمەوێت دنیاکەم ژێراوژوور بکەم،

وریا و ڕێک ڕاوەستاو چاوەڕێ دەبم

چاوەڕێ دەبم لە شەڕەکانم بگەڕێمەوە،

بیمارییەکانم تیمار دەکەم،

ئەگەر من گوێ لە تۆفانەکانم نەگرم، دەترسم لاڵ بم!

ئەگەر من چاونەبڕمە چاوی گەردەلوولەکانم،

دەترسم ملکەچ بم و لە شەڕ و ئاشتییەکانیشدا بشکێم!

من خۆم سوپا هەزار سوارچاکەکەی خۆمم،

دەنگە ڕوونەکەی ناوم، هاوڕێی منداڵەکەی ناو منە،

هاوڕێی ژنەکەی ناو منە

هاوڕێی پیاوەکەی ناو منە

هاوڕێی ئینسانە تۆراو و دڵرەقەکەی ناو منە

دەنگە ڕوونەکەی ناوم ، شەرم لە وێنە دژوێژەکانم ناکات.

ئێرە مەملەکەت و ماڵی منە.

لینک:https://youtube.com/shorts/AGrkYHAbjYs

٣- ڕێباز مەحمود  (فەڕشەکۆنەی کات)

باران دەبارێت

وەک ئەوەی ئاو کرابێت بە ئاگری ئاشووبا

وەک ئەوەی پایز ڕووی نەیەت دەرکەوێ

تۆ دەبینم

یاسەمین و بەهار و نێرگزت

تیا دەپشکوێ…

با هەڵدەکات

وەک ئەوەی جەنگ بارگەوبنەی پێچابێتەوە

لە جیاتی بۆکڕوزی لاشەو ماڵ و ئاوەدانیی

لە تۆوە:

بۆنی پونگەی کەنار جۆگەلەو

مێخەک و ڕێحانەی سەبووریی

دەگاتە ناو کەپووم…

ئەم جیهانی تێپەڕینە موتوربە ناکرێت

دەنا لە باخی پڕ تەلیسمی تۆوە

بۆ مانەوەی ئەبەدیی

لقێ قۆخی خەندەتی بەس بوو!  

فەڕشەکۆنەی کات

مۆرانەی هەزار عەیب و عار لێی داوە

دەبێ زەمانێکی نوێ لەسەر زەوی ڕاخەم

دونیای خۆم گسک بدەم

ژیانم بشۆرم

باخچەی حەوشەکەم

  پڕ بکەم لە گوڵی نێرگز و بەیبوون

بۆ پێشوازی تۆ

کە لەگەڵ میهرەبانیدا

بە سکێک لە دایک بوون

لینک:https://youtube.com/shorts/ra-qjZdotK0